بەشداری شاندێكی سەرلە بەیانی ئەمڕۆ 7/8/2012 لە بارەگای دەفتەری سیاسی "حیزبی دیمۆكراتی كوردستان" كۆنگرەی 6 ی "یەكێتی لاوانی دیمۆكراتی رۆژهەڵاتی كوردستان" دەستی پێكرد. لەسەر بانگهێشتی فەرمی دەستەی ئامادەكاری كۆنگرە، شاندێكی "یەكێتی لاوانی شۆڕشگێڕی كوردستان" بەشداری كۆنگرەكە بوون. شایانی باسە كە پەیامی "یەكێتی لاوانی شۆڕشگێڕی كوردستان" لە لایەن هاوڕێ" ئەنوەر عەباسی " راوێژكاری سیاسی سكرتێری گشتی "یەكێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان" و كارگێڕی "یەكێتی لاوانی شۆڕشگێڕی كوردستان" پێشكەشی ئامادەبووان كرا، كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی: بەڕێزان سكرتێر و ئەندامان و دەستەی ئامادەكاری كۆنگرەی (6) ی "یەكێتی لاوانی دیمۆكراتی رۆژهەڵاتی كوردستان" بەناوی "یەكێتی لاوانی شۆڕشگێڕی كوردستان" خۆشحاڵین بەوەی كە لە دەسپێكی شەشەمین كۆنگرەتاندا بەشدارین و هەر بەو بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەكەین. بەڕێزان گومان لەوەدا نییە لە هەر كۆمەڵگایەكی تەندروستدا توێژی لاوان یەكێك لە كۆڵەكە سەرەكییەكانی ئەو كۆمەڵگایەن، بەڵام ئەمە راستەوخۆ پێوەندی بە جۆری دەسەڵاتی سیاسی ئەو كۆمەڵگایەوە هەیە. بەداخەوە لە كوردستانی ژێردەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێراندا، توێژی لاوانیش وەك سەرجەم چین و توێژەكانی دیكەی ئەو كۆمەڵگایە، لە مافە رەواكانی خۆیان بێبەرین. هەر چەند كە بە درێژایی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران، لاوانی پێگەیشتوو، هیچكات دەستەوەستان نەبوون و بەدرێژایی ئەم 3 دەیەی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران، بەشێكە بەرچاوی لاوانی كورد بوون كە بزوێنەر و هێزی بازو و هێزی بەرەنگاری و هێزی هزری شۆڕشگێڕانەی ناو ریزەكانی حیزبە كوردستانییەكان بوون و هەن. هەر لەو پێوەندییەدا، ئێستا كە یەكێتییە تێكۆشەرەكەتان لە بەستنی كۆنگرەی شەشەمی خۆیدایە، "یەكێتی لاوانی شۆڕشگێڕی كوردستان" پێشنیار دەكات كە: 1- تاوتوێكردنی پرسی لاوانی رۆژهەڵاتی كوردستان، جیاواز نییە لە پرس و چارەنووسی سەرجەم پێكهاتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان. كەوابوو ئەمە خۆی لە خۆیدا ئەركی لاوانی شۆڕشگێڕی سەرجەم حیزبە كوردستانییەكان قورستر دەكات و دەبێ زۆر لە جاران زیاتر، لاوان لە ململانێ لەگەڵ داگیركەرانی كوردستاندا رۆڵ بگێڕن. 2- لە روانگەی ئێمەوە هەلومەرجەكە وادەخوازێت كە لە كۆنگرەی شەشەمی "یەكێتی لاوانی دیمۆكراتی رۆژهەڵاتی كوردستان"دا پرسی لێكنزیكبوونەوەی حیزبە رۆژهەڵاتییەكان زۆر بە جددی تاوتوێ بكرێت و لەو پێناوەشدا هەنگاوی بە كردەوە هەڵبهێنرێت. 3- ئێمە وەك دۆست و دڵسۆزانی هەر دوو رێكخراوی لاوانی دیمۆكراتی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان، دەخوازین كە پرسی یەكخستنەوەی ناوماڵی دیمۆكراتەكان تەوەرێكی گرنگی باسی ناو كۆنگرەكەتان بێت. لە كۆتاییدا ئاواتمان سەركەوتنی هەرچی زیاتری كۆنگرەكەتانە. بژی كورد پایەدار بێت كوردستان "یەكێتی لاوانی شۆڕشگێڕی كوردستان" 7/8/2012
ڕێکه‌و
به‌شی ( ئەرشیف )