رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی نا ستراتیژییه‌!!
دوای چه‌ندین ساڵ له‌ شه‌رێكی گران به‌ هه‌موو جۆره‌ چه‌كێك له‌ نێوان هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سعوود بارزانی و یه‌كێتیی نشتیمانیی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی جه‌لال تاله‌بانی، هه‌ردوو لایه‌ن گه‌یشتنه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ كه‌ پێویسته‌ سنوورێك بۆ ئه‌و شه‌ڕ و ململانێیه‌ بێ‌ هووده‌یه‌ دابنێن، ئه‌و بوو له‌ ساڵی (1998) رێككه‌وتننامه‌ی واشنگتۆن له‌ نێوان هه‌ردوو لایه‌ن دا ئێمزا كرا كه‌ بوو به‌ مایه‌ی راگرتنی ئه‌و شه‌ره‌ و ده‌ستپێكردنی قوناغی ئاشتی.




پاش هاتنی هێزه‌كانی ئه‌مریكی بۆ ناو به‌غداد و نه‌مانی رژێمی به‌عس له‌ ساڵی ((2003) هه‌ردوو پارتی ده‌ستهه‌ڵاتدار له‌ كوردستان دا گه‌یشتنه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ كه‌ ئه‌وان ناتوانن به‌ شێوه‌ی جاران تا ماوه‌یه‌كی درێژ به‌رامبه‌ر ره‌وشی سیاسیی نۆێ‌ له‌ عیراق دا به‌رگه‌ بگرن، بۆیه‌ش بۆ هه‌ردوو لایه‌ن ده‌ركه‌وت كه‌ پێویسته‌ خۆیان بكه‌ن به‌ یه‌ك و هه‌ماهه‌نگییه‌كی پنه‌و له‌ نێوان خۆیان دا دروست بكه‌ن له‌ پێناوی كۆنتڕۆڵ كردنی ده‌ستهه‌ڵات له‌ كوردستان دا له‌ لایه‌ك و خۆراگرتن به‌رامبه‌ر پارت و لایه‌ن و بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌كانی عیراقیی كه‌ حوكمڕانیی له‌ عیراق ده‌كه‌ن له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئه‌و بوو هه‌ردووكیان رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژییان ئیمزا كرد كه‌ بوو به‌ نه‌خشه‌ی رێگا بۆ سیاسه‌تی هه‌ردوو لایه‌ن له‌ نێو كوردستان و له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیش دا.




له‌ (27/7/2007) هه‌ردوو پارتی ده‌ستهه‌ڵاتدار له‌ كوردستان دا رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژییان ئیمزا كرد، دیارترین خاڵه‌كانیشی "به‌شداریی كردنی هه‌ردوو لایه‌ن به‌ لیستێكی یه‌كگرتوو له‌ هه‌ڵبژارده‌كان دا و دابه‌ش كردنی پله‌كانی سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی په‌ڕله‌مان له‌ نێوان خۆیان دا بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ بۆ هه‌ر لایه‌نێك" هه‌روه‌ها پڕۆتۆكۆله‌كانی ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ تا ساڵی (2015) به‌رده‌وام ده‌بیت به‌پێی رێككه‌وتنی هه‌ردوو لایه‌ن.




سه‌رۆكی كوردستان مه‌سعوود بارزانی له‌ زۆربه‌ی بۆنه‌كان دا داكۆكی له‌ سه‌ر گرنگی و به‌رگریی كردنی ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ ده‌كات، هه‌روه‌ها هه‌رگیز باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌رگریی كردنی له‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ (ئه‌ركی هه‌موو لایێكه‌" له‌ پێناوی خۆراگرتن به‌رامبه‌ر هه‌موو مه‌ترسییه‌كان كه‌ رووبه‌رووی كوردستان ده‌بنه‌وه‌.




له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌ جه‌لال تاله‌بانی له‌ هه‌موو ده‌رفه‌تێك دا داكۆكی له‌سه‌ر گرنگیی ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ ده‌كات و داوای گه‌شه‌پێدانیشی ده‌كات "له‌ پێناوی به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی گه‌لی كورد".




به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌م داكۆكییه‌ش؛ هه‌ردوو لایه‌ن كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ چاوێك به‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ دا بخشێندرێت "به‌ هۆی كه‌ڵه‌كه‌ بوونی كۆمه‌ڵێك تێبینی" هه‌روه‌ها به‌ هۆی ئه‌و هه‌موو گۆڕانكاریه‌ سیاسییانه‌ی روویاندا كه‌ گرنگترینیان ده‌رچوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ریزه‌كانی یه‌كێتیی و له‌دایك بوونی ئۆپۆزۆسیۆنێكی به‌هێز و كاریگه‌ر و نزیك بوونی پارته‌ ئیسلامییه‌كان له‌ یه‌كتری به‌ره‌و دروست كردنی به‌ره‌یه‌كی ئیسلامیی به‌رامبه‌ر به‌ ده‌ستهه‌ڵات.




سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ په‌یوه‌ندیی نێوان پارتی و یه‌كێتیی دا ئۆرگانیزه‌ و رێكخست و بابه‌تی دابه‌شكردنی پله‌كان یه‌كلا كرده‌وه‌، كه‌چی تا ئه‌مڕۆ ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ جێگای مشتومڕه‌ له‌ نێو شه‌قامی كوردستان دا، چونكه‌ هاوڵاتیی كوردستان شتێك ده‌رباره‌ی ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ نازانیت و هه‌ردوو لایه‌نیشی ئاماده‌ نین نهێنییه‌كانی بدڕكێنن، ئه‌مه‌ش بۆته‌ جێگای پرسیار لای ئۆپۆزۆسیۆن كه‌ ده‌یه‌وێت ناوه‌ڕۆكی ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ ببێنیت؛ چونكه‌ ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ شتێكی گرنگه‌ و كاریگه‌ریی هه‌یه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌تی كوردستان بگره‌ كاریگه‌رییه‌كه‌ی ده‌گاته‌ سیاسه‌تی سه‌رانسه‌ری عیراق.




له‌م ڕاپرسییه‌دا كه‌ هه‌وڵمان داوه‌ به‌ بێ‌ لایه‌نی و به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی ئه‌نجامی بده‌ین، كه‌ (500) كه‌س له‌ هه‌موو ته‌مه‌نێك و چین و ئایین و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌یه‌ك (كورد، توركمان، كلدوئاشووری، عه‌ره‌ب، ئه‌وانی دیكه‌) و له‌ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز له‌ هه‌ر (5) پارێزگاكانی (هه‌ولێر، سلێمانی، كه‌ركووك، دهۆك، مووسل) به‌شدارییان تێیدا كردووه‌، هه‌وڵمان داوه‌ ڕای شه‌قامی كورستان بخوێنین له‌مه‌ڕ ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌، وه‌كوو هه‌وڵێكی رژد له‌ لایه‌ن ئێمه‌وه‌ بۆ تێگه‌یشتنی سروشتی ئه‌م ڕایه‌ و ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی له‌ پشته‌وه‌ی ده‌وه‌ستن، وه‌كو به‌شدارییه‌ك له‌ لایه‌ن ئێمه‌وه‌ بۆ گه‌ڵاڵه‌كردنی تێگه‌یشتنێكی ئاشكه‌را بۆ كاریگه‌ریه‌كانی ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ بۆ سه‌ر سیاسه‌تی كوردستان له‌ لایه‌ك و ژیان و ژیاری خه‌ڵكی كوردستان له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌.




 




ئه‌نجامه‌كان




01- ئایا هیچ پێزانینێكت هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ وورده‌كارییه‌كانی رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی نێوان هه‌ردوو پارتی ده‌ستهه‌ڵاتدار له‌ كوردستان دا؟




به‌ڵێ‌: 01.3%




نه‌خێر: 87.6%




نازانم: 11.1%




02- ئایا پێت وایه‌ رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی نێوان هه‌ردوو پارتی ده‌ستهه‌ڵاتدار له‌ كوردستان دا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌قامگیریی ره‌وشی ئاسایشی كوردستان دایه‌؟




به‌ڵێ‌: 62.5%




نه‌خێر: 22.2%




نازانم: 15.3%




03- ئایا پێت وایه‌ رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی نێوان هه‌ردوو پارتی ده‌ستهه‌ڵاتدار له‌ كوردستان دا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئۆپۆزۆسیۆنی كوردستان دایه‌؟




به‌ڵێ‌: 21.8%




نه‌خێر: 70.3%




نازانم: 07.9%




04- ئایا پێت وایه‌ رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی نێوان هه‌ردوو پارتی ده‌ستهه‌ڵاتدار له‌ كوردستان دا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هاوڵاتییان دایه‌؟




به‌ڵێ‌: 58.5%




نه‌خێر: 34.3%




نازانم: 07.2%




05- ئایا پێت وایه‌ رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی نێوان هه‌ردوو پارتی ده‌ستهه‌ڵاتدار له‌ كوردستان دا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌كێتیی نشتیمانیی كوردستان دایه‌؟




به‌ڵێ‌: 71.2%




نه‌خێر: 22.9%




نازانم: 05.9%




06- ئایا پێت وایه‌ رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی نێوان هه‌ردوو پارتی ده‌ستهه‌ڵاتدار له‌ كوردستان دا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان دایه‌؟




به‌ڵێ‌: 26.4%




نه‌خێر: 66.5%




نازانم: 07.1%




07- ئایا پێت وایه‌ رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی نێوان هه‌ردوو پارتی ده‌ستهه‌ڵاتدار له‌ كوردستان دا به‌ دووركه‌وتنی سه‌رۆك بارزانی یان سه‌رۆك تاله‌بانی له‌ سیاسه‌ت هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌؟




به‌ڵێ‌: 82.3%




نه‌خێر: 11.6%




نازانم: 06.1%




08- ئایا پێت وایه‌ رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی نێوان هه‌ردوو پارتی ده‌ستهه‌ڵاتدار له‌ كوردستان دا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی پڕۆسه‌ی چاكسازیی دایه‌؟




به‌ڵێ‌: 26.3%




نه‌خێر: 66.8%




نازانم: 06.9%




09- ئایا پێت وایه‌ رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی نێوان هه‌ردوو پارتی ده‌ستهه‌ڵاتدار له‌ كوردستان دا ته‌نها رێككه‌وتننامه‌یه‌كه‌ بۆ دابه‌شكردنی پله‌ و ده‌سكه‌وته‌كان له‌ نێوان هه‌ردوو لایه‌ن دا؟




به‌ڵێ‌: 67.3%




نه‌خێر: 16.2%




نازانم: 16.5%




 




پوخته‌




ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م راپرسییه‌ ئه‌وه‌یان ئاشكه‌را كرد كه‌ تا رادده‌یه‌كی به‌رز شه‌قامی كوردستان دووره‌ له‌ زانینی وورده‌كارییه‌كانی رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی نێوان هه‌ردوو پارتی ده‌ستهه‌ڵاتدار، بۆیه‌ش (87.6%)ی به‌شداربووانی ئه‌م راپرسییه‌ ئه‌وه‌یان ئاشكه‌را كرد كه‌ ئه‌وان پێزانینی وایان نییه‌ له‌سه‌ر  ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ كه‌ بووه‌ نهێنییه‌كی سیاسیی كوردستان، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌م چه‌نده‌ش شه‌قامی كوردستان پێی وایه‌ كه‌ ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ بووه‌ هۆی راگرتنی ره‌وشی ئاسایش له‌ كوردستان دا، بۆیه‌ش (62.5%)ی به‌شداربووانی ئه‌م راپرسییه‌ ئه‌و بۆچوونه‌یان پێ‌ راست بوو، دیاره‌ هۆی زاڵ بوونی ئه‌م بۆچوونه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ سنوورێكی بۆ شه‌ری ناوخۆ داناوه‌ و به‌ نه‌بوونی شه‌ریش ئاشتی دێته‌ ئاراوه‌ و ئاسایش به‌رقه‌را ده‌بیت.




ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م راپرسییه‌ ئه‌وه‌یان ئاشكه‌را كرد كه‌ شه‌قامی كوردستان و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ پێزانینێكی ئه‌وتۆی نییه‌ سه‌باره‌ت به‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌؛ كه‌چی پێی وایه‌ ئه‌م رێككه‌وتنامه‌یه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئۆپۆزۆسیۆن دا نییه‌، بۆیه‌ش (70.3%%)ی به‌شداربووانی ئه‌م راپرسییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م رایه‌ دا بوون، دیاره‌ ئه‌مه‌ش به‌شێكه‌ له‌ پێزانینه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی سیاسه‌ت كه‌ هه‌ر شتێك ببێته‌ مایه‌ی به‌هێز بوونی ده‌ستهه‌ڵات له‌ هه‌مان كات دا ده‌بێته‌ مایه‌ی لاواز بوونی ئۆپۆزۆسۆن، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ ئه‌م به‌راوورده‌ له‌سه‌ر هاوڵاتیان به‌هه‌مان شێواز جێبه‌جێ بكرێت، بۆیه‌ش (58.5%)ی به‌شداربووانی ئه‌م راپرسییه‌ پێیان وابوو كه‌ ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی هاوڵاتییان دایه‌، دیاره‌ هه‌بوونی ئه‌م بۆچوونه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هه‌ر شتێك ببێته‌ مایه‌ی به‌ڵانس راگرتنی ژیانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی بێ‌ گومان له‌به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵك و هاوڵاتییان دایه‌، مه‌رجیش نییه‌ له‌هه‌مان كات له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌م پارت و ئه‌و پارته‌ دا بیت.




به‌ڵام سه‌ره‌ڕای بۆچوونی شه‌قامی كوردستان كه‌ ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ئۆپۆزۆسیۆن دا نییه‌ و بگره‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌ستهه‌ڵات دایه‌، كه‌چی هه‌ردوو لایه‌نی ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ به‌هه‌مان ئاست سوود له‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ وه‌رناگرن، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و راستییانه‌ی كه‌ ئه‌م راپرسییه‌ ئاشكه‌را ده‌كات، بۆیه‌ش (71.2%)ی به‌شداربووانی ئه‌م راپرسییه‌ پێیان وابوو كه‌ یه‌كێتی نشتیمانیی كوردستان (براوه‌ی گه‌وره‌تره‌) له‌ به‌رده‌وام بوونی ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ به‌و شێوه‌یه‌، هه‌روه‌ها (66.5%)ی به‌شداربووانی ئه‌م راپرسییه‌ پێیان وابوو كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان (دۆڕاووی گه‌وره‌تره‌) له‌ به‌رده‌وام بوونی ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ به‌و شێوه‌یه‌، دیاره‌ هۆی هه‌بوونی ئه‌م رایه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ یه‌كێتیی له‌م دووایه‌ دا تووشی چه‌ندین هه‌ره‌س و گرفت و ئالۆزیی بووه‌؛ دیارترین و توندترینانیش ده‌رچوونی (نه‌وشیروان موسته‌فا) بوو له‌ ریزه‌كانی یه‌كێتیی و راگه‌یاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ نیوه‌ی ده‌نگه‌كانی یه‌كێتیی بۆ خۆی راكێشان، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی تێكچوونی به‌ڵانسی هێز له‌ نێوان هه‌ردوو لایه‌نی رێككه‌وتننامه‌ دا و ئیتر تێكچوونی به‌ڵانسی خودی رێككه‌وتننامه‌كه‌ش.




ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م راپرسییه‌ ئه‌وه‌یان ئاشكه‌را كرد كه‌ شه‌قامی كوردستان به‌ چاوێكی گه‌شبین ته‌ماشای ئاینده‌ی ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ ناكات، ته‌نانه‌ت پێی وایه‌ كه‌ ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م گۆڕانكاریی راسته‌قینه‌ بۆ هه‌ر لایه‌نێك له‌ لایه‌نه‌كانیی به‌ كۆتا دێت، بۆیه‌ش (82.3%)ی به‌شداربووانی ئه‌م راپرسییه‌ پێیان وابوو كه‌ ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ له‌گه‌ڵ نه‌مانی هه‌ر جه‌مسه‌رێكیی (بارزانی، تاله‌بانی) له‌ نێو تابلۆی سیاسه‌ت دا نامێنیت و هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، دیاره‌ هۆی هه‌بوونی ئه‌م رایه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ له‌سه‌ر حه‌ز و دیدێكی كه‌سیی بونیاتنراوه‌ كه‌ هه‌ردوو لایه‌نی ململانێ‌ و حوكمڕانیی له‌ كوردستان دا به‌یه‌ك گه‌یاندووه‌، بۆیه‌ش ئه‌مه‌ رێككه‌وتننامه‌یه‌كی (نا ستراتیژییه‌) سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ردوو لایه‌نیی داكۆكی له‌م زاراوه‌ ده‌كه‌ن، هۆی دووه‌میش كه‌ وای كردووه‌ شه‌قامی كوردستان به‌ گومانه‌وه‌ ته‌ماشای (ستراتیژیی) ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ بكات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێی وایه‌ ئه‌مه‌ ته‌نها نووسراوێكه‌ بۆ نه‌هێشتنی ململانێ‌ له‌سه‌ر هێز و ده‌ستكه‌وت پاش ئه‌وه‌ی كه‌ به‌شه‌ر و چه‌ك نه‌یانتوانی ئه‌م ململانێیه‌ یه‌كلابكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ش (67.3%)ی به‌شداربووانی ئه‌م راپرسییه‌ پێیان وابوو كه‌ ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ ته‌نها رێككه‌وتنێكه‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی دابه‌ش كردنی پله‌ و پایه‌ و ده‌ستكه‌وته‌كان، ئیتر هه‌ر شتێكیش سه‌باره‌ت به‌ (ستراتیژی) ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ بگوترێت راست نییه‌ یاخود نا رۆشنه‌ یاخود ستراتیژیی نییه‌!!.


ڕێکه‌و 2012-11-23 10:28:15
به‌شی ( )