تاوانبار بە ژێنوسایت، بەڵام سەربەست لە هولەند

 وێنهوێنه

تاوانبار بە ژێنوسایت، بەڵام سەربەست لە هولەند

بڵاوکراوەی هولەندیی "DNP" لە ژمارەی ئەمڕۆ چوارشەمە ١٥ی مانگی مای، بابەتێکی بە سەردێرێ "تاوانبار بە ژێنوسایت، بەڵام سەربەست لە هولەند" بە قەڵەمی رۆژنامەوانی بەناوبانگی هولەندی "ئارنوڵد کارکێنز" بڵاو کردوەتەوە، کە سەرنجی بیرورای گشتی و بەتایبەت کوردەکانی دانیشتووی هولەندا ی ڕاکێشاوە.

"ئارنوڵد کارکێنز" بابەتەکەی بەم چەشنە دەسپێدەکات:

پەناخوازێکی عیراقی کە بەتاوانی ژێنوسایت لە چنگی دەزگای دادی هولەندا بوو، بۆ ماوەیەکی بێ سنوور ئازاد کرا. ئەو کەسە لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حوسێندا وەک چەکداری حکوومەت بەشداری کوشتن و راونانی بەرهەڵستکارانی کردوە. ئەو کەسە "مەلا عوزیر .س" کوری عەزیز حەمەد مەولوود، ٦٣ ساڵی تەمەنە و لەدایک بووی گوندی "بایزئاغا"ی سەر بە شاری هەولێرە. ئەو کابرایە لە ساڵی ٩٢دا لە وڵاتی هولەند داوای پەنابەریی سیاسی کردوە و بەپێی سەرچاوە عیراقی‌یەکان، پاش ماوەیەک دەبێتە خاوەن ناسنامەی هولەندی.

دادگای بەرزی عیراق

لە ٢٠ی مانگی جولای ساڵی ٢٠٠٧ـەوە ناوی عوزێر بە ژمارەی٢٢٩چوەتە لیستێکی ٤٢٣ کەسی لە تاوانبارانی شەرەوە کە لەلایەن دادگای بەرزی بەغداوە ئامادە و بڵاو کرابوەوە. ئەو دادگایە سەدامی حوکم دا و مەلا عوزێر یش وەک هاودەستی کردن لە ژنیوسایت تاوانبار ناسێنرا. لە دادگای بەغدادا دەیان شکات دژی مەڵا عوزێر هەیە کە تاوانبار بە بەشداریی کردنی ئەنفاڵ کراوە. ئەنفال ئەو کردەوە عەسکەریە بوو کە لە ٢٣ ی مانگی فووریەی ١٩٨٨ دەستیپێکرد و لە ٦ی سێپتامبری ئەو ساڵەدا کۆتایی پێهات. لەو هەنگاوە دژی ئینسانیەی سەدام لە نێوان ٧٢ تا ١٨٢ هەزار مرۆڤ بوونە قوربانی. مەلا عوزێر لەو چەکدارانە بوو کە بەشداری چالاکی ئەو کوشتارە بوو.کوردان بەو کەسانە دەڵێن "جاش".

بە گوێرەی سەرچاوە کوردیەکان مەلا عوزێر بۆ ماوەیەکی زۆر لە شاری "ئینشخدە" ژیاوە. بەڵام لەنەکاو لە هولەند بزر دەبێت. هەوڵدان بۆ دیتنەوەی بێ ئاکام دەبێت. یەکێک لە کوڕەکانی کە لە "دێنهاخ" دووکانی هەیە، دەڵێت کە باوکی گەراوەتە بۆ کوردستان. بەڵام سەرچاوە کوردیەکان ئەوە ناسەلمێنن.  کورەکەی نکۆڵی لە جاش بوونی باوکی دەکات، بەڵام پێناسەی جاشیەتیی مەلا عوزێر لە رێکەوتی یەکی جولای ٢٠٠٨ لە بڵاوکراوەیەکی کوردی بەناوی "ئاوێنە" بڵاو کرایەوە کە دەڵێت من ١٧٥٠ چەکدارم هەبوو!! هەروەها ئیدیعا دەکات کە ئەو یەکەم کەس بوو کە هێزێکی وا گەورەی لە بەعسدا پێکهێنا.

رێکخراوی دژ بە جەناتەتی جیهانی لە روتردام  یەکەم ناوەند بوو کەلە ساڵی ٢٠٠٧ مەلەفی مەلا عوزیری هێنایە ئاراوە. ئەم ناوەندە پێوەندی لەگەڵ کاربەدەستانی KLPDدەگرێ، بەڵام هەنگاوەکەی نابێتە هۆی گرتنی مەلا عوزیر. هەروەها لە ١٩ی مانگی ژوئەنی ٢٠٠٣ دادگای هولەند بەهۆی ئەوەی مەترسی ئیعدام کردنی مەلا عوزیڕ دەدات، بڕیاری ناردنەوەی نادات.

ئەبوو غەریب

مەلا عوزێر لە لێکۆڵینەوەیەک بۆ دیتنەوەی ڕاستی‌یەکان لە باکووری عیراق ئامادە کرابوو ،. ژمارێکی زۆر کەرسوکاری خەڵک و پێشمەرگەی کوژراو، دژی مەلا عوزێر بە تاوانی کوشتن و ئەشکەنجەدانی رۆڵەکانیان شکاتیان ڵیکرد. برایەکی جەعفەر کارەش( کوردی دانیشتووی هولەندا) و هەشت پێشمەرگەی دیکە  لە رۆژی ٣٠ی مانگی جولای ساڵی ١٩٨٢ لە دەرەوەی شاری هەولێڕ دەکەونە کەمینی جاشی چەکدار و دەگێرین ، کە پاشان لێدان و ئەشکەنجەیەکی زۆریان دەدەن. بەپێی قسەی شاهیدان مەلا عوزیڕ لەو کردەوەدا راستەوخۆ دەستی هەبوە و پاش بێ ڕێزی کردن بەو کەسانە، تەحویلی موخابراتی عێراقی داون. کە پاشتر لە زیندانی کەرکووکەوە بردویانن بۆ زیندانی ئەبوو غەریب و لە رێکەوتی ١٤ی مانگی ئاوریلی ١٩٨٥ ئیعدام کراون.

مەلا عوزێر هەروەها تاوانبارە بە ئیعدام کردنی پێشمەرگەیەکی بریندار بەناوی "موحەمەد غەفوور" . بەو شێوەکە لە ئێوارەی ٢١ی ئوکتوبری ساڵی ١٩٨٢ ئەو پێشمەرگە لەگەڵ هاوڕیانی دیکەی لە گوندی سابڵاخ دەکەونە کەمینی چاشەکانەوە. یەکێک لە دەربازبوانی ئەو شەوە بەناوی ئاشق عوسمان عەلی دەگێڕێتەوە کە مەلا عوزیر بە بەرپرسیاری ئەو کەمینە و کوشتنی ٤ پێشمەرگە دەزانێ کە تەرمی ٣ کەسیان تەحویلی جەیشی عیراق دەدا و پێشمەرگەی چوارەم بەهۆی برینەکانیەوە چەند رۆژ پاشتر گیانی لەدەس دەدات.

بۆ پارە

مەلا عوزێر هەروەها دەوری سەرەکی هەبوە لە کارەساتی "قوش‌تەپە" ی نزیک هەولێر.لە ٧ی مانگی مەی ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ جاشەکانی، ٥٤ کەس دەگرن کە هێندێکیان عەسکەری فیرار دەبن. بەپێی قسەی کەسانی شاهێد ئەو هەموە خەڵکە لە ژوورێکی ٣ لە ٤ میتری حەپس دەکەن. پاش ٩ رۆژ ئەو ٥٤ کەسە دەکەنە ٣بەشەوە، ١٢یان دەگێرنەوە بۆ مەعسکەرەکانیان، ١٢ی دیکە ئازاد دەکرێن و ئەوەی دەبێنێتەوە، حوکمی کوشتنیان دەدرێت. مەلا عوزێر خۆی هێندێک لەوانە بە سەیارەی خۆی تەحویلی حکومەت دەدات.یەکێک لە شاهیدان دەگێڕێتەوە کە مەلا عوزێر پیی گوتوون:"ئێوە هەمووتان پێشمەرگەی پێسن. هەموتان تەحویل دەدەم." ئەو شاهیدە دەڵێت: ئەو بەتەما بوو هەموومان بەناوی پێشمەرگە تەحویل بدات تا پارەی زۆرتر وەرگرێت.

یەکێک لە پێشمەرگەکان کە سکاڵای دژی مەلا عوزێر .س. تۆمارکردوە دەگێڕێتەوە کە: مەلا عوزێر وەک سیخوری حکوومەت خۆی خزاندبوە نێو پێشمەرگەوە. "پاش ماوەیەکی کورت ئێمە هەستمان کرد کە ئەم پیاوە لە ئێمە بێگانەیە و لە پیاوی دەسەڵات دەچی. بۆیە دەترساین دەستمان لێبکاتەوە و کارەسات بخوڵقێنێ. بۆیە چەکەکەیمان لێوەرگرت و نارمانەوە.پاشان کە بوو جاش لە کەمینێك کەلە گوندی "پیرە عارەبان" گەڵ جەیش دایانابوو  ١٣ پێشمەرگەیان کوشت و هەروەها جارێکی دیکەش لە گوندی "مەنارە" ٣ پێشمەرگەیان خستە کەمین و کوشتنیان.

مەییدانی سیاسەتی هوڵەندا لە چەپ هەتا ڕاستی لە میوانداریی کردنی دەوڵەتی هولەند لە کەسێکی تاوانبار بە کوشتنی خەڵک  سەری گێژ ماوە.

"یان د ویت" ئەندام پارلەمان لە لیستی حێزبی سوسیالیست دەڵێ: هێندێک خاڵی یاسا مرۆڤ دەخاتە گومانەوە ، ئاخر چۆن دەبێ دادگای ئیمە بۆ کەسێک وەک مەلا عوزێر بڕیاری دادگایی کردن نەدا، ئاخۆ تا ئێستە دادگا و ناوەندەکانی ئەمنیەتی و وەزارەتی داد، تاوانی ئەو کابرایە کەلە ساڵی ٢٠٠٧تا ئێستا باسی دەکرێ، هەست پێنەکردوە؟ "سیتسە فریتسما" لە فراکسیونی پ.ف.ف دەڵێ: هەر لە سەرەتاوە ئیدارەی پەنابەری هەڵەیەکی گەورەی کرد کە مافی مانەوە و ناسنامەی هولەندی بەو کابرایە بەخشی. بەپێی مادەی یەک لە بەندی ف ی یاسای پەنابەری کەسانێک کە بە جەنایەتکاری شەر یا ئەو بیانیانەی کە ئەگەری تاوانی جەنایەتیان لەسەرە ،وەرگرتنیان پێشێل کردنی یاسای نێودەوڵەتی و هەروەها یاساکانی هوڵەندایە. بۆیە لە ئیدارەی دادی ئێمە دەبێ دادگایی کردنی ئەم کەسە بایەخی جیدیی پێ بدرێت.

ئێمە نابێ چاوپۆشی لە کێشەی مەلا عوزێر بکەین و دەبێ هولەندا و کۆمەڵگەی ئەرووپی و عیراق هەوڵبدن کە مەلا عوزێر بەتاوانی جەنایەت دژی مرۆڤایەتی و  کوشتاری بەکۆمەڵ ببرێتە تریبوناڵی بەرزی بەغدا.

ڕێکه‌و 2013-06-09 14:09:27
به‌شی ( ڕاپۆرت و لێکۆڵینه‌وه‌‌ )