به‌هۆی چوار په‌یوه‌ندییه‌وه‌ lلە گەڵ ڕێکخراوی ئەلقاعیدە مورسی له‌سێداره‌ ده‌درێت وێنه
راگه‌یاندنه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ چوار په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی، محه‌مه‌د مورسی سه‌رۆكی له‌سه‌ركار لابراوی میسر له‌گه‌ڵ ئه‌یمه‌ن زه‌واهری، سه‌رۆكی رێكخراوی قاعیده‌ ئه‌و كه‌یسه‌یه‌ دادگای میسر مورسی پێ تۆمه‌تبار ده‌كات به‌خیانه‌تی نیشتمانی، گه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی ساغ ببنه‌وه‌ ئه‌وا مورسی له‌سێداره‌ ده‌درێت.
رۆژنامه‌ی دیار چاپی لوبنان بڵاویكرده‌وه‌، له‌و په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فۆنیانه‌ی مورسی له‌گه‌ڵ زه‌واهری كردوونی، رێكه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌،" قاعیده‌ پشتیوانیی ده‌سه‌ڵاتی ئیخوان بكات له‌میسر له‌به‌رامبه‌ر جێبه‌جێ كردنی یاسا له‌سه‌ر شێوازی تاڵیبان"، ئه‌وه‌شی باس كرد كه‌،" هه‌ردوولا رێكه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ شانه‌ی جیهادی له‌ناوخۆی میسر پێكبێنن ، بۆ پاراستنی رژێمی ئیخوان و پێكهێنانی سوپایه‌ك به‌ناوی ( سوپای ئازاد)، جێی سوپای میسر بگرێته‌وه‌".
به‌پێی رۆژنامه‌كه‌، گه‌ر ساغبێته‌وه‌ مورسی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی له‌گه‌ڵ زه‌واهری ئه‌نجامداوه‌، ئه‌وا مورسی به‌خیانه‌تی نشیتمانی سزای له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رده‌كرێت.
به‌پێی زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌ی دیار، په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی یه‌كه‌می مورسی و زه‌واهری له‌باره‌ی پێكهێنانی سوپای ئازاد و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سوپای میسر بووه‌، له‌پاڵ وتوێژ له‌باره‌ی چۆڵكردنی ناوچه‌ی سینا به‌ته‌واوی له‌ هاوڵاتیانی میسر و جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ هه‌شت ملیار دۆلاره‌كه‌ی له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئه‌مریكا و قه‌ته‌ر پشتیوانیی لێ كرابوو له‌به‌رامبه‌ر مانه‌وه‌ی ئیخوان له‌پۆستی ده‌سه‌ڵات.
په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی دووه‌می مورسی و زه‌واهری، به‌پێی رۆژنامه‌ی دیار چاپی لوبنان، له‌باره‌ی دروستكردنی شانه‌ی رێكخستنی هاوبه‌ش بووه‌ له‌نێوان ئیخوان و قاعیده‌ بۆ پاراستنی رژێمی ئیخوان له‌میسر، هه‌روه‌ك مورسی له‌به‌رامبه‌ر داوایه‌كی زه‌واهری، ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی رێكخراوی قاعیده‌ی ئازاد كردووه‌ له‌گرتووخانه‌كانی میسر.
په‌یوه‌ندی سێیه‌م به‌پێی زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌كه‌، مورسی به‌ڵێنی داوه‌ به‌ زواهری هیچ ئه‌ندامێكی قاعیده‌ له‌میسر ده‌ستگییر نه‌كات، هه‌روه‌ك سه‌ربازگه‌ی هاوبه‌ش له‌نێوانیان بكه‌نه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی راهێنان و مه‌شقكردنی جیهادییه‌كان.
په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی چواره‌میش كه‌ له‌كۆتای مانگی حوزه‌یران پێش كوده‌تای له‌كارلابردنی مورسی ئه‌نجامدرابوو، ریفاعه‌ ته‌هتاوی و ئه‌سعه‌د شێخه‌ و به‌رپرسی ئاسایشی سه‌رۆكایه‌تی میسر ئاگاداری بوون، مورسی داوای له‌ زه‌واهری كردبوو، هێرش بكاته‌ سه‌ر سوپا له‌ سینا و پشتیوانی له‌ شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی مورسی بكات و ئاژاوه‌ بنێته‌وه‌ له‌ناوخۆی وڵاتدا.
 
ڕێکه‌و 2013-11-16 13:30:30
به‌شی ( ڕاپۆرت و لێکۆڵینه‌وه‌ )