ئۆجەلان لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا چی دەڵێت؟   ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە هەفتەی پێشوو بڵاو کرایەوە و تێیدا ئەفسەرێکی دەزگای هەواڵگری تورکیا لێکۆڵینەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانی کراوی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK دەکات، مشتومڕێکی زۆری لەناو مینبەرەکانی راگەیاندن لەگەڵ خۆیدا هێنا، بەتایبەتیش لەم ساتەوەختەدا، کە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کەوتووەتە گەڕ، لەلایەن خۆیەوە PKK نکوڵی لەم قسانەی ئۆجەلان دەکات و پێیان وایە مۆنتاج کراوە. هەندێ لایەنیش پێیان وایە ئەمە سەرەتای تەقینەوەی کێشەکانی نێوان ئەردۆگان و گولەنە بۆ پەکحستنی هەنگاوەکانی ئاشتی.
لە دەسپێکی قسەکاندا ئۆجەلان دەڵێ: ئەو وەکو سەربازێکی گوێڕایەڵ و ملکەچی دەوڵەت دەبێ و فەرمانەکانی جێبەجێ دەکات و کارێکی وا دەکات کە بە ملیۆنان کورد خوێنی تازە بدەن بە تورکیا.
هەر لە درێژەی قسەکانیدا عەبدوڵا ئۆجەلان دەڵێت: کۆنسەی سەرۆکایەتیی پەکەکە تەنها یەک کەسە، هەموو رێکخستن (ئەزم) من یەک کەسیش لە دەستی ئەوان ناهێڵم، واتە: هەموو چەکدارەکانیش دەکەونە خزمەت دەوڵەتی تورکیا. لە ماوەی 6 مانگدا ببینن و هەندێک دەرفەتم پێ بدەن، لەوانەیە ئەوە بەلای ئێوە خەیاڵی بێت، بەڵام ئەگەر هەموو ئەوانەم نەکرد، پاشان چیم لێ دەکەن، بیکەن.
دەڵێت: “من دەخوازم بەقووڵی لەسەر پرسی کورد هەڵوەستە بکەم و ئەو خەباتە پێش بخەم و ئەو کارانەی منیش زۆر گرنگن، کە بێگومان بۆ تورکیا زۆر پێویستن، تورکیا و دەوڵەت لەو مەسەلەیەدا زۆر دواکەوتوون، کۆمەڵگەی ئێمە زۆر لێک ترازاوە، هەڤاڵانمان زۆر لێکترازاون لەبەرئەوە من ئەمڕۆ دەڵێم: دەرفەتم پێ بدەن بۆ ئەوەی ئەم پرسە بە خەباتی هەرە مەزنی خۆم چارەسەر بکەم”.
هەروەها ئۆجەلان لە بەشێکی دیکەی گرتە ڤیدۆکە کە PKK و بەشێک لە پارتە کوردییەکانی باکور، بە مۆنتاجکراوی دەزانن دەڵێ: ”لە ماوەیەکی نزیکدا من بەسەر هەموو رێکخراوەکاندا سەردەکەوم، من بەرنامەی رێکخستن دەدەمە لایەنێک و ناوەندی رێکخستنیش بە لایەنەیەکی دیکە دەدەم. من هەڵوێستێک دەنوێنم، کە بۆ خزمەتی دەوڵەت پێویستە،‌ دەبێ ئێوە ئەمە ببینن و جێبەجێی بکەن. بۆ رێکخستنی گرنگ دەبێ مرۆڤ پێشتر دەوڵەتی خۆی بناسێ، ئەگەر تۆ دەوڵەتی خۆت نەناسی، ناتوانی هیچ هەڵوێستێک بنوێنێ.... بە پێکەنینەوە: تۆ شێتی”.
هەروەها دەشڵێت: “ئەگەر رۆژێک دەرفەت رەخسا من بۆتان روون دەکەمەوە کە چۆن زیاتر لە دەوڵەت شەڕم لەگەڵ پەکەکە کردووە، خوا دەرفەت بدات من ئەمە دەسەلمێنم. کە چۆن من لە دژی جومعە (جەمیل بایک و بۆتان نیزامەدین تاش و عوسمانی خۆمان و ئەبوبەکر و عەلی حەیدەر قەیتان و دۆران کالکان) خەباتم کردووە، دەبێ ئێوە بە چاوێکی کەم سەیری ئەمە نەکەن، ئەوان مرۆڤی سامناکن و خەتەرناکن. بەڕاستی ئەگەر من نەبم ئەوان دەتوانن رێکخستن بکەن”.
ئۆجەلان ئاماژە بەوەش دەدات کە پێشتریش چەندین ناوی دیکە دەرکەوتبوون: “بۆ نموونە تۆ شەمدینیش باش دەناسی، هەموو کەس دەیانگوت شەمدین کەسی دووەمی ناو پەکەکەیە. بەڵام سەرنج بدەن نەیدەتوانی کاریگەریی لەسەر خێزانی خۆیشی هەبێ”.
ئۆجەلان لەبارەی شەمدینەوە دەڵێ: “ئەو لەخۆیەوە دەیگوت دووەم کەسە. بەڵام ئێمە دەتوانین بەرامبەر فەرهادیش هەمان قسە بکەین، کە سفرە هەموویان سفرن. لەبەرئەوە من دەڵێم ئەگەر من لە مەیدان نەبم، ئەوانە دێنە مەیدان و ناوی من بەکار دەهێنن و دەڵێن ئێمە برای ئاپۆین، دەڵێن لە دوای ئاپۆ ئێمە پیاوی یەکەم و دووەم و سێیەمین”.
دەشڵێت: “بە بۆچوونی من جومعە (جەمیل بایک) سیاسی نییە و دەتوانین لەسەر پەنجەی خۆمان بیسوڕێنین بێ ئەوەی هەست بە خۆی بکات”.لە بەشێکی دیکەی گرتە ڤیدۆکەدا ئۆجەلان دەڵێ: “ئەو کارانە من کردوومن بەرچاون بە ملیۆنان کەس باوەڕیان بە من هەیە وەک پێغەمبەران سەیری من دەکەن”.‌
دەشڵێت: “لەبەرئەوە لە سووریا من یەک پیاویشم نەهێشتەوە بۆ ئەوەی لە دوای من هیچ پیاوێک نەمێنێتەوە ئەوان پشتی پێ ببەستن. تەنانەت سەبارەت بە مەسەلەی عەلەویەت و مەلەویەتیش لە ساڵی 1985 بەدواوە بە هاوکای لەگەڵ دورسن کاراکاش (سەرۆکی پارتی چەپی تورکیا) دەیانگوت، کە ئێوە عەلەوین و پەپڕەوین و ئاپۆ سونیە و نازانم.. ئەوکات من دەستی خۆم خستە ناو دەستی جەمیل ئەسەد ساڵی 1985 زۆری نەمابوو چۆکم پێ دابدەن، ئەو کات من تەکبیری خۆم کرد. دووەمیش محەمەد شەنەر هەبوو هاتە قامیشلۆ لە مەعەسکەر میوان بوو”.
تیادا ئۆجەلان ئەوەشی گوتووە: “بەڕاستی هەتا رۆژی کۆتاییش هیچیان بۆ من نەکرد، دەیانگوت ئەوە چیرۆکە، سووریاش تا ئەلتەرناتیڤی نەدۆزیەوە مەجبوری من بوو. چونکە من لە کاتی خۆیدا هەموو ئالتەرناتیڤێکم خامۆش کردبوو”.
دەڵێ: “من دەزانم کە لەسەر عوسمان ئۆجەلان زۆر کاریان کرد و ساڵی 1993 ئەویان بردە ئەسفەهان. من زۆ هەوڵم دا، من دەخوازم جارێکی دیکە رۆشنایی بخەمە سەر جومعە بۆ کۆنترۆڵکردنی جومعە بەڵام خەباتی من لەسەر جەلال تاڵەبانی زۆر باشە. هەندێ پیاو لەناو ئێمە بە گرووپ خەڵکیان لەناو دەبرد. بە هەزاران کەسیان لە سەرباز و خەڵکی بێ گوناه دەکوشت، بە بۆچوونی من نابێ بەم شێوەیە توندوتیژی بەکار بێت %95 ئەمەیان بە من دەگوت. من %95ی ئەمە بە هەڵە دەبینم و تەنها %5 توندوتیژی دەبینم، دەکارم قبوڵ بکەم، من دژی توندوتیژیم و ئێستەش لە من دەخوازن من ستایشی بکەم”.
لە بەشێکی دیکەشدا ئۆجەلان دەڵێ: “بەبێ ئەوەی ئێمە دەوڵەت بناسین لە دژی دەوڵەت هەڵگەڕاینەوە. دەزانی گەورەیی لەوەدایە مرۆڤ لەسەر هەڵەکانی بەردەوام نەبێ”.
ئۆجەلان دەشڵێت: “ئەگەر سەیری بۆچوونەکانی ساڵی 1993 من بکەن دەبینن من چۆن هاوار دەکەم، کە من لە رەوشێکی خراپدامە و دەستی خۆتان بۆ من درێژ بکەن. ئەگەر فەرمانبەرانی ئێرە هەڵەیەک بکەن من بە هەڤاڵانی خۆمان دەڵێم، هەمووشیان ئەو راستییە قبوڵ دەکەن”.
ئۆجەلان ئاماژەی بەوەش داوە کە: “هەموومان پێکەوە دەتوانین تورکیا سەربخەین و من ئەوەش دەسەلمێنم. بە ڕاستی من دەتوانم خەباتێکی مەزنی گونجاو بۆ خزمەتکردنی دەوڵەت پێشکەش بکەم و هێز و توانایەکی باش بدەمە کۆمەڵگە و کار بۆ بە دیموکراتیزەکردنی دەوڵەت بکەم. من لەو باوەڕەدام ئەوان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی شکست بە پلانی من بهێنن، ئەگەر دەوڵەت دەرفەتی خزمەتکردنی دەوڵەت بۆ من بڕەخسێنی، سازشی وا دەکەن کە جێی باوەڕ نەبێ”.
دەڵێ: “بە من بڵێن ئەو شتە راستە و بیکە من دەیکەم، ئەوەش بۆ من فەرمانە، من وەک سەربازێکی گوێڕایەڵی دەوڵەت فەرمانەکان جێبەجێ دەکەم. دژایەتیی گەورەی من کراوە، لە دژی من و لە دژی دەوڵەت، بۆچی ئێمە رێک نەکەوین و بۆچی لەگەڵ دەوڵەت نەبین بە یەک؟ بۆچی من نەبمە سەربازی دەوڵەت؟”.
هەروەها گوتووشیەتی: “بوون بە پیاوی دەوڵەت رووداوێکی گەورەیە ئەویش بە ناسین و زانینی ئامانجەکانی دەوڵەت دێتە دی، من بە قەد سەری دەرزیش داوای هیچ شتێک لە دەوڵەت ناکەم و پلەوپایە ناخوازم، تەنها داوا دەکەم دەرفەتی خزمەتکردنم پێ ببەخشن”.
ئۆجەلان دەڵێت: “من دەڵێم لە %90 دژی ئۆپەراسیۆنەکانم، بەڵکوو تۆ جارێکی دیکە تووشی سەرسوڕمان بی، بەڵام حەزی هەرە گەورە لە لای منە کە پەرۆشی خزمەتکردنم، بەڵام ئەوەی هەرە قوڵە بەڕاستی دەڵێم ئاپۆ پیاوی ئەو رەوشەی ئێستە نییە، دەبێتە پیاوێکی جیاکار.. خزمەتێکی بەرچاو پێشکەش دەکات، من دەڵێم ئێمە هێزی بە ملیۆنان مرۆڤ ( هێزی کوردان) وەکو دەرمان بۆ دەوڵەت بەکاردێنم”.
لەمبارەیەوە وتەبێژی پەیوەندییەکانی KCK رای دەگەیەنێ ئەو گرتە ڤیدیۆییەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ساڵی 1999 دەگەڕێتەوە و بە شێوەیەک مۆنتاژ و پێکەوە لکێندراوە، کە واتایەکی زۆر جیاوازی لێ بکەوێتەوە.
زاگرۆس هیوا وتەبێژی پەیوەندییەکانی KCK، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ (باس) ئاماژەی بەوە دا ئەو گرتە ڤیدیۆییە بۆ مانگی شوباتی ساڵی 1999 دەگەڕێتەوە، کاتێک کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی رفێنرا و رادەست بە تورکیا کرا، بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە لە مانگی شوباتدا، واتە مانگێک کە پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی لە دژی ئاپۆ بەڕێوە برا، نیشانەی ئەوەیە کە ئەو پیلانە ئێستەش هەر لە دژی ئەو بەردەوامە.
گوتیشی: ‌”ئەو هێز و لایەنانەی کە چارەسەری کێشەی کوردیان ناوێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان کردووە بە ئامانجی هێرشەکانیان، هەڵمەتێکیان بۆ لەکەدارکردن و رەشکردنی دەست پێکردووە و دەیانەوێت لە لای گەلی کورد و هێزە دیموکراتخوازەکانی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوین وای دەربخەن گوایە تەسلیم بووە و لە دژی پروپاگەندە بکەن‌”.
ئەو بەرپرسەی پەکەکە ئاماژەی بەوەش دا ئەو گرتە ڤیدیۆییە مۆنتاژ کراوە و گوتنەکان وەها پێکەوە لکێندراون کە واتایەکی زۆر جیاوازی لێ بکەوێتەوە، گوتیشی: ‌”ئەمەش راستەوخۆ گرێدراوی پرۆسەی ئاشتییە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستپێخەریی بۆ دەکات و تا ئاستێکی گرنگ هاتووە و پشَتیوانیی رای گشتیی گەلی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان و گەلانی تورکیای بەدەست خستووە‌”.”
‌. ئاشکراشی کرد لە رێگەی سکاڵایی یاساییەوە ئەو هەوڵانە پوچەڵدەکەنەوە، گوتیشی ‌ئەو کەسایەتی و دەزگایانەی کە لە بواری یاساییدا نوێنەرایەتیی ئاپۆ دەکەن، دەستیان بە هەڵمەتێکی یاسایی کردووە بۆ وەڵامدانەوەی‌ ئەو گرتە ڤیدیۆییەی ئۆجەلان.



ئەم بابەتە لە باسنیوز وەرگیراوە
ڕێکه‌و 2014-02-11 18:32:56
به‌شی ( ڤیدیۆ )