جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: داعش لە عێراق کوردی کردووەتە ئامانج  

<iframe width="560" height="315" src="//www.youtube.com/embed/3I1LLh-4jJQ" frameborder="0" allowfullscreen></iframe>

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، داعش لە عێراق، کورد دەکاتە ئامانج و پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکاش لە کۆنگرێس، مالیکی بە یاریکردن بە کارتی تائیفی تۆمەتبار دەکات. برێت ماکرک، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق لە گوتەیەکدا لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمەریکی رایگەیاند، 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش" زیاتر لە 26 هەزار چەکدار و رێکخستنی هەیە، چەکدارانی لە ئاستێکی بەرز مەشقکراون و دەزگایەکی راگەیاندنی سەربەخۆشیان هەیە'. جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، 'داعش ئەجێندای روونی هەیە، کە بە ئامانجگرتنی کورد و شیعەیە، بەمەبەستی قوڵکردنەوەی کێشەی تائیفی، لە لایەکی دیکەوە لە پارێزگای ئەنبار، سوننەکان دەکوژێت بۆ ئەوەی رکابەرە سوننەکانی لەو پارێزگایە لە نێوببات'. بە گوتەی ماکرک، داعش بەتەنیا هەڕەشە نییە بۆسەر سووریا و عێراق، بەڵکو هەڕەشەی بۆسەر ئەمەریکاش دروستکردووە". لە کۆبوونەوەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێس و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، باسی سیاسەتەکانی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کراوە و پێیانوابوو، مالیکی یاری بەکارتی تائیفی دەکات و چەکدارەکانی هۆزەکانی تێکەڵ بە سوپا پۆلیس نەکردووە و وەڵامی داواکاریی هۆزەکانی نەداوەتەوە. ئەو کۆبوونەوەیە لە شێوەی لێپرسینەوە بووە لەگەڵ برێت ماکرک، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق. سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێس رایگەیاندووە، داعش سوودی لەو هەڵانەی مالیکی وەرگرتووە.
ڕێکه‌و 2014-02-17 16:56:49
به‌شی ( ڕاپۆرت و لێکۆڵینه‌وه‌ )