په‌یامی به‌همه‌ن قوبادی بۆ منداڵه‌ سووتاوه‌كانی قوتابخانه‌ی شیناوێی پیرانشار .


هونه‌رمه‌ندی سینه‌ماكاری كورد به‌همه‌ن قوبادی دوای گیان له‌ده‌ستدان و سووتانی قوتابیانی قوتابخانه‌ی گوندی شیناوێی پیرانشار، په‌یامی هاوخه‌می خۆی ئاراسته‌ كرد.


سینه‌ماكاری ناوداری كورد به‌همه‌ن قوبادی دوای گیان له‌ ده‌ستدانی دوو قوتابی به‌ هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ و سووتانی 28 منداڵی قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی كچان له‌ گوندی شیناوێی سه‌ر به‌ شاری پیرانشار له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، په‌یامێكی هاوخه‌می ئاراسته‌ كرد كه‌ له‌ خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌ی هاتووه‌:
باش ده‌تانناسم. له‌ كاتی وێنه‌گرتنی زۆربه‌ی فیلمه‌كانم به‌ جۆرێك له‌گه‌ڵمدا هاوڕێبوون. وزه‌م له‌ ئێوه‌ ده‌گرت و په‌رۆشی سه‌باره‌ت به‌ خواردن، جلووبه‌رگ، قوتابخانه‌ دووره‌كان، شه‌قامه‌ ناله‌باره‌كان، ... و ژیانی سه‌خت و بێ كه‌ره‌سته‌تان به‌رده‌وام له‌گه‌ڵمدابوو.


له‌و شه‌قامانه‌ی كه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌سپه‌كانیش بۆ ته‌حه‌مولی سه‌رما مه‌ستیان ده‌كرد، ئێوه‌ چه‌ندین كیلۆمه‌تر رێگاتان ده‌پێوا تاكوو بچنه‌ قوتابخانه‌ی گوندی ته‌نیشتتان. له‌ نیشتمانه‌كه‌مدا ئه‌و سه‌ختیانه‌م زۆر جار بینیبوو. هه‌ندێك جار له‌ دووره‌وه‌ ته‌نیا خاڵی ڕه‌ش بوون كه‌ له‌ دڵی سپیبوونی به‌فره‌كاندا جووڵه‌تان ده‌كرد، كاتێك كه‌ نزیك ده‌بوونه‌وه‌ سه‌هۆڵ به‌ هه‌موو شۆنێكتان شووڕببۆوه‌. سڵاوێكتان ده‌كرد و ڕاتان ده‌كرد به‌ هیوای ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ زووترین كات شوێنێك له‌ نزیك كوره‌ی پۆله‌كه‌تان بدۆزنه‌وه‌ و هه‌ندێك گه‌رما به‌ گیانی سه‌هۆڵاویتان بگه‌یه‌نن.
نه‌تانده‌زانی ئه‌و كوره‌یه‌ی كه‌ ده‌سته‌ چكۆله‌كه‌تان به‌ ده‌وره‌ییه‌وه‌ بازنه‌ كردووه‌ رۆژێك جه‌سته‌تان بسووتێنێت و گیانتان لێبستێنێت.
له‌م زوڵمه‌، له‌ ده‌روونم بڵێسه‌ی ئاور هه‌ڵده‌ستێت. فرمێسكه‌كانم دێته‌خوار، به‌ڵام ده‌نگم ده‌رنایه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ قوڕگم سووتاوه‌. له‌ رێگای دووره‌وه‌ جه‌سته‌كانتان ماچ ده‌كه‌م. نازانم چ كاتێك، به‌ڵام ده‌زانم رۆژێك دێت كه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ ده‌بێت بۆ گه‌رمكردنی ئێوه‌ خه‌رج بكرێت ئیتر نه‌چێته‌ گیرفانی ساخته‌چی و درۆزنه‌كانه‌وه‌ كه‌ دنیا له‌ ده‌ستیان بێزار بووه‌. ئه‌و كه‌سانه‌ شه‌رم بكه‌ن كه‌ ئێوه‌یان له‌ ئاوری خۆیاندا سووتاند و داوای لێبوردنیشیان خۆسووككردنێكی بێشه‌رمانه‌ بوو.

ڕێکه‌و 2012-12-13 14:50:08
به‌شی ( هه‌واڵه‌کان )