800 ساڵ لەمەوبەر کورد چووەتە سوودان  

وێنه

- جەلال جەوهەر: لە سوودان هیچ کوردێک نابینیتەوە هەژار بێت
- داوام کردووە حکوومەتی هەرێم ناوەندێکی رۆشنبیریی کوردی لە سوودان بکاتەوە
- کوردانی سوودان ئاگری نەورۆزیشیان کردووەتەوە
- خاوەنی یەکەمین کارگەی سابوون لە سوودان کورد بووە بەناوی کارگەی سابوونی فابریقەی کوردی

ویلایەتێکی گەورە لە سووداندا هەیە بەناوی کوردۆڤان
دیمانە: (باس) رێباز عزیز
بەپێی چەند ئامارێک ژمارەی کورد لە جیهاندا نزیکەی 40 ملیۆنە، بەڵام بەهۆی ئەو مێژووە داگیرکەرییەی بەسەر ئەم گەلەدا هاتووە، بووەتە چوار پارچە و هاوکات پەلی هاویشتووەتە چەند وڵاتێکی تریش.
رۆژنامەی (باس) لەم دیمانەیەدا لەگەڵ جەلال جەوهەر خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە زانکۆی ئەلنیلەین لە سوودان، کە لێکۆڵینەوەیەکی وردی لەسەر کوردانی ئەوێ کردووە بەناوی (الکرد دخولهم فی السودان). تیشک دەخەینە سەر مێژووی کورد و چۆنیەتیی ژیانی کورد لە سوودان.

(باس)- ریشەی کورد لە سوودان دەگەڕێتەوە بۆ کەی؟
جەلال جەوهەر: ریشەی کورد لە سوودان دەگەڕێتەوە بۆ 800 ساڵ بەر لە ئێستە، یەکەم کۆچی کورد لە ساڵی 1172 بوو، واتە لەگەڵ سەڵاحەدینی ئەیووبی کوردی، برایەکی هەبووە بەناوی تۆران شا کە هەڵمەتێکی کردووە بۆ سەرکوتکردنی فاتمییەکان لە میسر و شکستی پێ هێنان، بەڵام یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی فاتمییەکان نۆبییەکان بوون کە سوودانییەکانی ئێستەن. لە دوای شکستی هاوپەیمانەکەیان دەستیان کرد بە شەڕ و ئاژاوە، بۆیە تۆران شا بە سوپایەکەوە کە زۆربەیان لە کورد پێک هاتبوون، هەڵمەتێکی دژی ئەوان بۆ تەمبێکردنیان ئەنجام دا، دوای گرتنی سوودان، تۆران شا گەڕایەوە، بەڵام دوای خۆی خەڵکێکی زۆری بەجێهێشت بۆ ئەوەی چیتر ئاژاوە روو نەدات و هیچ دەوڵەتێک نەتوانێ داگیری بکات، هەروەها سەرکردەیەکیشی بۆ دانا بەناوی (ئیبراهیم الکردی) ئەویش لە کاتی مەلەکردندا خنکا، بەڵام کەسوکاری ئەوانەی لە گەڵی مابوون، هەر لەوێ مانەوە، واتە بەشێکی زۆری کوردانی ئێستەی سوودان هی ئەوکاتن، هەرچەندە رەنگ و روویان گۆڕاوە، بەڵام نازناویان هەر کوردییە.
(باس) کوردانی سوودان بە چی بەناوبانگن؟
جەلال جەوهەر: ئەگەر لەوێ پرسیار لە کەسێکی سوودانی بکەی کە کورد کێن، پێت دەڵێن قەبیلەی کوردی بەوە بەناوبانگن ئازا و بەغیرەتن و لەسەر هەق بێدەنگ نابن و رێزی میوان زۆر دەگرن و دیندارن. بێگومان ئەمە هەستی کوردانەی من نییە، بەڵکوو ئەمە قسەی سوودانییەکانە.
(باس) ئەی لە رووی سیاسییەوە چۆنن؟
جەلال جەوهەر: لە سەردەمی داگیرکاریی بەریتانی لە سوودان، بزووتنەوەیەک هەبوو پێیان دەگوترا بزووتنەوەی مەهدی کە هەموو سوودانی گرتبووەوە و دژی بەریتانییەکان بوو، ئەو بزووتنەوەیە دوو میری هەبووە لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا، ئەوەی رۆژهەڵات کورد بووە بەناوی (عوسمان دیقنە) و یەکەمین کەسە لە مێژووی سووداندا توانیبێتی سوپای بەریتانیا بشکێنێ. ئەو پلانە سەربازییەی کە عوسمان بەکاری هێناوە، ئێستە لە پەیمانگای سەربازی لە بەریتانیا دەخوێنرێ. لە دواییدا بە دیل دەگیرێ و حوکمی هەتاهەتایی بەسەردا دەسەپێت و 17 ساڵ لە بەندیخانە دەبێت و دواتر کۆچی دوایی دەکات. لە کاتی دادگاییدا پێی دەگوترێ ئەو ئازایەتی و زیرەکییەی تۆ لە تاکی سوودانی ناچێ، ئەویش دەڵێ من کوردم و خەڵکی شارێکم بە ناوی (دیاربەکر). لە کتێبی مێژووی پۆلی سێی ناوەندی سووداندا وا وەسفی عوسمان دەکات کە لە ساڵی 1517 هاتووەتە سوودان و کوردە. ئێستەش کوردان لە کاری سیاسی بەردەوامن و پلەی بەرزیان هەیە، بۆ نموونە (د. عەلی محەمەد ئەلکردی) کە فەریق روکنە لە سوپای سووداندا و دووەم کەسە لە دوای وەزیری ناوەخۆی سوودان.
(باس) لەگەڵ ئەو مێژووەی کورد هەیەتی لەوێ هیچ شوێنێک هەیە بەناوی کورد؟
جەلال جەوهەر: بەڵێ ویلایەتێکی گەورە هەیە لە سوودان بەناوی (کوردۆڤان) کە ئەو ویلایەتە چەند ریوایەتێکی هەیە و یەکێکیان ئەوەیە (کوردێک لەوان هاتووەتە ئەو شوێنەی کە ئێستە ویلایەتی کوردۆڤانە و لەوێ نیشتەجێ بووە و خەڵکی ئەوێ گوتوویانە (کردی فانی).
لە ریوایەتێکی تردا هاتووە (کوردێک هاتووە بازرگانیی زێڕی کردووە و لە شاخێکدا بەدوای زێڕدا گەڕاوە و کۆمەڵێک کرێکار کاریان بۆ کردووە، لە کاتی کاردا زێڕێکی زۆریان دۆزیوەتەوە و گوتوویانە دەبێت ئێمەش ببینە شەریک، دواتر دەبێتە شەڕیان و لەو کاتەدا کوردەکە لە شاخ دەکەوێتە خوارەوە و هەموویان لە خۆشیان هاوار دەکەن: کردی فان کردی فان، فان واتە مرد، لەو رۆژەوە ئەو شوێنە بەو ناوەوە هاتووە). جگە لەوەش گوندێک هەیە بەناوی گوندی (کردی)، هەروەها ناوی کافتریا و زانکۆ و دووکان و چێشتخانە و بازاڕیش بە کوردی هەیە، جگە لەوەش ناوی کوردیشان هەیە وەکو (دڵشاد، کەشکۆڵ، جیهان، دەرباز).
(باس) تا چەند کولتووری کوردی لە سووداندا هەیە؟
جەلال جەوهەر: بەداخەوە کوردانی سوودان ئەوە لە زەمەنی تۆران شا لەوێ نیشتەجێ بوونە و پشت بە پشت ماونەتەوە زمانی کوردییان بیر چووەتەوە، تەنانەت جلوبەرگ و خواردن و جەژن و بۆنە کوردییەکانیشان بیر چووەتەوە، هەرچەندە پێشتر یادی نەورۆزیان کردووەتەوە، بەڵام ئێستە نەماوە.
(باس) ژمارەیان چەندە و لە کوێی سووداندا دەژین؟
جەلال جەوهەر: هەرچەندە سەرژمێریی تەواو لە بەردەست نییە، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوەکەی من بێت نزیکەی 100 هەزار کورد لەوێ دەژین زۆرترینیان لە رۆژهەڵاتی سوودان، واتە نزیک دەریای سوور دەژین. گەورەترین خێزانی کوردیش قەزاریفە بەناوی (حاجی عەلی ئەلکردی)، لەو شارەشدا دوو یانەی وەرزشی بەڕێوە دەبەن و دوو سینەمای گەورەیان دامەزراندووە.
(باس) پەیوەندییان لەگەڵ یەکتر لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر چۆنە؟
جەلال جەوهەر: بەداخەوە ئەو پەیوەندییە زۆر کاڵە، تەنانەت من لە کاتی گەڕانمدا گوندێکم دۆزییەوە بەناوی گوندی (کردی) لە ویلایەتی کوردڤان و ئەمەم بۆ مامۆستایەکی کوردی کە مامۆستای مێژووە (د. عەبدوڵا کردی) لە زانکۆی سوودان باس کرد، ئەو گوتی من کوردێکی سوودانیم و یەکەمین جارە ناو و شوێنی ئەو گوندە ببیستم، بەڵام کاتی خۆی زانکۆیەک هەبووە بەناوی زانکۆی (حاجی عەلی ئەلکردی) لە ویلایەتی قەزاریف کە زانکۆیەکی کۆمەڵایەتیی خێرخوازی بووە، بەداخەوە ئەو زانکۆیە ئێستە نەماوە.
(باس) ئەی لە رووی باری ئابووری و بازرگانییەوە چۆنن؟
جەلال جەوهەر: هیچ کوردێک نابینیتەوە لە سوودان هەژار بێت، لەرووی بازرگانیشەوە لە سەرەتادا بازرگانیی عەتر و بخووریان کردووە لە نێوان سوودان و وڵاتانی تری عەرەبی. خاوەنی یەکەمین کارگەی سابوون لە سوودان کورد بووە بەناوی کارگەی (الێابون الفابریقە الکردی). یەکەمین ئامێری کشتوکاڵیش هەر کورد هێناویەتی بۆ سوودان.
(باس) لە رووی هونەری و ئەدەبییەوە کاریگەرییان هەبووە؟
جەلالا جەوهەر: کورد دوو سینەمای گەورەیان دروست کردووە لە سوودان، جگە لەوەش شاعیری زۆر مەزنیان هەبووە لەوانە (عەبدوڵا حەسەن ئەلکردی) کە دیوانەکەی 800 تا 900 لاپەڕە دەبێت و لە زۆر لە شیعرەکانیدا قسەی بە کەمال ئەتاتورک گوتووە، چونکە زوڵمی لە کورد کردووە و جگە لەوەش لە شیعرەکانیدا شانازی بەوەوە دەکات کە کوردە و نەوەی سەڵاحەدینی ئەیووبییە، ناوی کچەکەشی ناو ناوە (کوردیە) و کوڕەکەشی ناو ناوە سەڵاحەدین کە ئێستە گەورەترین پزیشکی ئێسکە لە سوودان. هەروەها شاعیرێکی تر بە ناوی (ساڵح عەبد سەید ئەلکوردی) هەیە و شاعیرێکی تریشمان هەیە بە ناوی (عەبدولقادر محەمەد ئەلکوردی) و تەریقەتێکی سۆفیگەری هەبووە.
(باس) جگە لە ئایینی ئیسلام کوردانی سوودان هیچ ئایینێکی تریان هەیە؟
جەلال جەوهەر: پێشتر باسی ئەوە کراوە کە کورد لە سوودان لەسەر ئایینی مەسیحی و یەزیدی و یەهوود و زەردەشتین، بەڵام لە تەواوی ئەو دوو ساڵەی کە من گەڕاوم، هیچ کوردێکی سوودانیم نەبینیوە جگە لە ئایینی ئیسلام لەسەر هیچ ئایینێکی تر بێت.
(باس) لە داهاتوودا پڕۆژەت چییە بۆ ناساندنی کوردانی سوودان بە پارچەکانی تر کوردستان؟
جەلال جەوهەر: من لە لێکۆڵینەوەکەمدا چەند پێشنیازێکم بۆ حکوومەتی هەرێم و ناوەندە رۆشنبیرییەکان کردووە، یەکێک لەوانە (ناوەندێکی رۆشنبیریی کوردی لە سوودان) بکەینەوە و ئەمەش بۆ فێربوونی زمانی کوردی بێت، چونکە کوردانی سوودان زمانی کوردییان بیر چووەتەوە، بەڵام بەشێکیان کە لە دوای شۆڕشی ئەیلوولەوە چوونەتەوە سوودان بەکوردی قسە دەکەن. لەو کوردانەش کەسێکیان تێدایە رابەری سیاسیی بەتالیۆنی دوو بووە لە شۆڕشی ئەیلوولدا کە ئێستە رەنگە تاکە کورد بێ کە زۆر هەژارە و کوێر بووە. ئەو پێشنیازەم بۆ زیندووکردنەوەی زمان و کولتوور و جلوبەرگ و تەنانەت خواردنی کوردییە لە سوودان، جگە لەوەش کەناڵێکی ئاسمانی بە زمانی عەرەبی بکرێتەوە بۆ ناساندنی کورد و زمانی کوردی و ناسنامەی کورد بە جیهان و بەتایبەتیش بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

ئەم بابەتە لە باس نیوزەوە وەرگیراوە 
ڕێکه‌و 2014-03-19 16:49:06
به‌شی ( وتوێژو چاوپێکەوتن )