من په‌روه‌رده‌ی ئه‌م وڵاته‌م  

صورة

سروه‌ ئه‌حمه‌د

وڵاتێک جوانترین وشه‌مان عه‌یبه‌یه‌‌و ناسکترین وشه‌مان درۆیه‌ وڵاتێک به‌ده‌ستی خۆمان براکانمان‌و خوشکه‌کانمان ئه‌نفال ده‌که‌ین به‌بێ ئه‌وه‌ى هه‌ست به‌ئه‌نفالبونیان بکه‌ین، ئێره‌ به‌نده‌ری ئه‌نفاله‌کان‌و شه‌هیده‌کان و کۆمه‌ڵکوژی کورده‌، گه‌وره‌ترین ئامانجمان روخانی که‌سایه‌تیه‌کانه‌، ئازادیه‌کانمان بریتین‌ له‌ته‌شهیرکردن به‌هاونیشتمانه‌کانمان، ئێره‌ نیشتمان نیه‌ ئێره‌ جه‌نگه‌ڵێکه‌ به‌ده‌ستی خۆمان دروستمان کردوه‌.

هه‌ردوێنی بوو سوێندمان خوارد گه‌لێک دروست بکه‌ین به‌ده‌وڵه‌ته‌وه‌ چیتر له‌سه‌ر دوو ره‌نگ نه‌که‌ینه‌ قوربانی به‌ڵام ده‌بینین په‌ڵه‌ڕه‌شه‌که‌ دوباره‌و سێباره‌ ده‌بێته‌وه‌، ئێستا په‌نجه‌ی په‌شیمانی ده‌گه‌زین له‌پێناو ئامانجه‌ قێزه‌ونه‌کانمان ناوی ده‌وڵه‌ت‌و ژیانی پێکه‌وه‌یى‌و ئازادی و دیموکراسیمان بیرچۆته‌وه‌، ئێمه‌ له‌پێناو ره‌نگه‌ جیاوازه‌کان یه‌خه‌ی یه‌کمان گرتوه‌ واخه‌ریکه‌ ده‌خنکێین ئه‌مه‌ ئازادی نیه‌ ئێمه‌ی تێداین ئه‌مه‌ تێکۆشان‌و سه‌روه‌ری و دیموکراتی نیه‌، ئه‌مه‌ قه‌یرانێکی گه‌وره‌یه‌ ئه‌م وڵاته‌ی تێدایه‌ ئه‌بێ ئێمه‌ به‌خه‌به‌ربێین له‌وخه‌ونه‌ گه‌وره‌یەی که‌تێیدا ده‌ژین بۆ ئه‌وکه‌سه‌ی که‌ ره‌نگه‌که‌ی تۆ له‌به‌رنه‌کات ده‌بێت ته‌شهیربکرێت یا بکوژرێت بۆ ده‌بێت که‌سێک هه‌ڵه‌کان به‌پێنوسێک بخاته‌ڕوو ده‌بێ تیرۆر بکرێ.

ئێمه‌ خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێکین که‌پێی عه‌یبه‌ که‌هه‌ڵه‌کانی راست بکرێته‌وه‌ پێی شه‌رمه‌ که‌په‌نجه‌ بۆ په‌ڵه‌ڕه‌شه‌کانی، کرده‌وه‌کانی رابکێشین قه‌یرانی گه‌وره‌ی وڵاته‌که‌مان ئه‌وه‌یه‌ که‌ڕه‌نگه‌کان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان هه‌موو میلله‌ت‌و مرۆڤه‌کانیان بیرچۆته‌وه‌ با ئێمه‌ هه‌وڵ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵ بده‌ین نه‌ک له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تاک هه‌موو شته‌ جوانه‌کانی ژیان قۆرخ بکه‌ین بۆ تاک باهه‌وڵی پاککردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌کان بده‌ین له‌جێگه‌ی هه‌ر مرۆڤێک که‌فڕێمان داوه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام گوڵدانێک یاخود نه‌مامێک بچێنین بائه‌و مرۆڤانه‌ بکه‌ینه‌ ناو باخچه‌یه‌ک نه‌ک ناو زبڵدانێکه‌وه‌ با ئافره‌ته‌کانمان بپارێزین نه‌ک بیکه‌ینه‌ قوربانی شه‌ره‌ف و قوربانی شته‌ گڵاوو قێزه‌ونه‌کانی کۆمه‌ڵگا.

با ژیان جوان بکه‌ین نه‌ک ناشیرینی بکه‌ین، باهه‌وڵی بیری نوێ‌و داهێنانی نوێ و په‌روه‌رده‌ی نوێ‌و به‌ڕۆشنبیرکردنی هزرو هۆشمان بده‌ین، نه‌ک نه‌وه‌کان واپه‌روه‌رده‌ بکه‌ین که‌شه‌ڕی ره‌نگه‌کان بکات‌و جیاوازی ره‌نگه‌کان له‌مێشک و هزریدا دروست بکه‌ین، باخوڵقێنه‌ری یاسایه‌کی نوێ‌و جوان‌و نمونه‌یی بین، باده‌ستورێک دروستبکه‌ین بۆ هه‌موو پێوه‌ره‌کانی ژیان، په‌یڕه‌وی ده‌ستورێکی هاوده‌نگ بین، باژینگه‌کانمان پڕ به‌هار‌و سروشت‌و جوانی بێت نه‌ک پڕبێت له‌مرۆڤ‌و خۆڵ‌و خاشاک.

ئێمه‌ ده‌بێت ویژدانمان له‌پێش به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانمان بێت نه‌ک که‌ تێربوین ویژدانمان له‌ده‌ستبده‌ین ئێمه‌ نابێت کۆیله‌یه‌ک بین له‌دژی خۆمان به‌رگری له‌خاوه‌نه‌که‌ی بکه‌ین ئێمه‌ ده‌بێت رژێمێک دروستبکه‌ین نه‌ک رژێمێک ئێمه‌ دروست بکات، ئێمه‌ خاوه‌نی ئه‌م کۆمه‌ڵگایەین که‌تاکه‌کانی له‌کۆت‌و پێوه‌نده‌ دژه‌ ئینسانی و پڕوپوچه‌کانی عه‌قڵی مه‌زهه‌ب رزگارمان نابێت ئه‌گه‌ر هه‌وڵی رزگاربون نه‌ده‌ین له‌و کۆمه‌ڵگایه‌ ئه‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی مێژودا ده‌مێنینه‌وه‌.

ده‌ست به‌سه‌ر ئازادیه‌کانمان گیراوه‌ له‌هه‌موو رویه‌که‌وه‌ هه‌موو ره‌گه‌زه‌کانمان ئازاده‌کانی پێشێلکراوه‌، ده‌بێت مرۆڤایه‌تیمان زیندو بکه‌ینه‌وه‌، ئێمه‌ وڵاتی نه‌وتین باچیتر مرۆڤ فڕێ نه‌ده‌ینه‌ سه‌رشه‌قام وه‌ک چۆن به‌بێ ئۆکسجین ناتوانین بژین ئه‌وه‌ به‌بێ ماف‌و مرۆڤایه‌تیش ناتوانین بژین، به‌ ژن کوشتن‌و فڕێدانی مرۆڤ‌و شه‌ڕکردن له‌سه‌ر ره‌نگه‌کان‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ قێزه‌ونه‌کانی تاک وڵات سه‌رناکه‌وێت، ده‌وڵه‌ت دروستنابێ به‌ته‌شهیرکردن‌و تانه‌و ته‌شه‌ر ئاستی رۆشنبیری و هزرو هۆش‌و په‌روه‌رده‌ی دروست گه‌وره‌ نابین، دروست نابین به‌ڵکو ده‌توێینه‌وه‌ باچیتر قه‌ڵه‌مه‌کانمان ئازادبن به‌جوانی به‌کاریان بێنین نه‌ک بۆ ته‌شهیرکردن‌و روخانی مرۆڤه‌کان.

ئیسلامبون مانای ته‌شهیردان نیه‌ با به‌ناوی دینه‌وه‌ ئاین‌و دیانه‌ته‌کان ناشیرین نه‌که‌ین، ئه‌م وڵاته‌ی من، ئه‌م هه‌موو ئه‌ستێرانه‌ له‌ئاسمانی ژندا ئه‌کوژێنه‌وه‌، ئیتر پێم ناڵێی مانگ چۆن روی بێ ئاسمانی بێ ئه‌ستێره‌ له‌باوه‌ش بگرێ، ئه‌م هه‌موو منداڵه‌ بۆ پارویه‌ک نان رۆژنامه‌ ده‌فرۆشن له‌شه‌قامه‌کان به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانن یه‌ک وشه‌ له‌و رۆژنامانه‌ بخوێننه‌وه‌، بائێمه‌ خوێندنگه‌کانمان په‌روه‌رده‌یه‌ک بێ بۆ ئه‌و منداڵانه‌ ئه‌وانیش پێویستیان به‌ژیان‌و ئامانجه‌ با چیتر رۆژنامه‌و کتێبه‌کانمان له‌سه‌رشه‌قامه‌کان تۆزی لێنه‌نیشێ له‌ناو کتێبخانه‌کان نه‌ڕزێ، با به‌کاریبێنین، بیخوێنینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هزرێکی نوێ‌و تێگه‌یشتنی نوێ دروستبێت.

له‌م وڵاته‌ کێشه‌که‌ له‌وه‌دا نیه‌ ناچاربکرێیت ره‌نگێک هه‌ڵبژێرێت به‌ڵکو له‌وه‌دایه‌ هیچ بژارده‌یه‌کی ترت له‌به‌رده‌مدانیه‌.

رۆژنامه‌نوس
ڕێکه‌و 2015-02-28 23:44:38
به‌شی ( وتار و بەیان )