له‌ راگه‌یاندراوێكدا هاوبیرانی كوردایه‌تی پشتیوانی له‌ په‌یامه‌كه‌ی رێبه‌ری زیندانیكراوی په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن

وێنه

له‌ راگه‌یاندراوێكدا هاوبیرانی كوردایه‌تی پشتیوانی له‌ په‌یامه‌كه‌ی رێبه‌ری زیندانیكراوی په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن و رایده‌گه‌یه‌نن به‌ ئه‌ركی خۆیانی ئه‌زانن باری سه‌رنج به‌رامبه‌ر په‌یامه‌ سه‌رسورهێنه‌ره‌كه‌ی عه‌بدوڵا ئوجه‌لان پیشانبده‌ن. له‌و راگه‌یاندراوه‌دا كه‌ تایبه‌ت بۆ رووبه‌رنێت ناردراوه‌ ئه‌وه‌ش هاتووه‌"سه‌ره‌تا ئه‌ڵیێن, به‌پێی هه‌موو پێوه‌ره‌ یاساییه‌كان كه‌سێكی زیندانیكراو ئه‌هلیه‌تی یاسایی نیه‌و خاوه‌نی ئیراده‌ی ته‌واوه‌تی خۆی نیه‌ چجای كه‌سێكی وه‌ك ئوجه‌لان كه‌14 ساڵه‌ له‌ زیندانێكی تاكه‌ كه‌سیدایه‌‌و له‌ژێر گوشار و ترس‌و تۆقاندنی ره‌گه‌زپه‌رستانی توركدایه‌". ده‌قی راگه‌یاندراوه‌كه‌ راگه‌یاندنی هاوبیرانی كوردایه‌تی سه‌باره‌ت په‌یامه‌كه‌ی ئوجه‌لان له‌ نه‌ورۆزی 2013 ه‌ دا به‌پێی ئه‌و راستییه‌ی كه‌ مه‌سه‌له‌ی كورد له‌هه‌موو پارچه‌كانی كوردستاندا, یه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌و هه‌ر گۆرانكاریه‌ك له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌كیدا, كاریگه‌ری ئه‌رێنی یان نه‌رێنی له‌سه‌ر پارچه‌كانیتر ئه‌بێ. به‌ ئه‌ركی خۆمانی ئه‌زانین باری سه‌رنجمان به‌رامبه‌ر په‌یامه‌ سه‌رسورهێنه‌ره‌كه‌ی به‌ڕێز عه‌بدوڵا ئوجه‌لان پیشانبده‌ین .

سه‌ره‌تا ئه‌ڵیێن, به‌پێی هه‌موو پێوه‌ره‌ یاساییه‌كان كه‌سێكی زیندانیكراو ئه‌هلیه‌تی یاسایی نیه‌و خاوه‌نی ئیراده‌ی ته‌واوه‌تی خۆی نیه‌ چجای كه‌سێكی وه‌ك ئوجه‌لان كه‌14 ساڵه‌ له‌ زیندانێكی تاكه‌ كه‌سیدایه‌‌و له‌ژێر گوشار و ترس‌و تۆقاندنی ره‌گه‌زپه‌رستانی توركدایه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش له‌وانه‌یه‌ بووبێته‌ هۆی نا ئومێدی ئه‌و،سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڕێزه‌ دووره‌ له‌واقیعی نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌و گۆرانكاریه‌كانی كوردستان‌و جیهان. له‌ماوه‌ی ساڵانی زیندانیه‌كه‌یدا هه‌ندێ هه‌ڵوێستی هه‌بووه‌ كه‌ دژو پێچه‌وانه‌ی دیدوبۆچوونه‌كانی پێش زیندانیكردنه‌كه‌یبوو. له‌وانه‌ ، وه‌ك ویستبێتی حاشا له‌ كوردبونی خۆی بكا ، جارێك وتوێتی من دایكم توركه‌. له‌ په‌یامێكیشیدا كه‌وتبووه‌ مه‌دح‌و پیاهه‌ڵدان به‌سه‌ر په‌یمانی لۆزاندا!! ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئامانجی په‌كه‌كه‌ی له‌ سه‌ر به‌خۆییه‌وه‌ گۆڕی بۆ پێكه‌وه‌ ژیان له‌گه‌ل توركدا. ئێستاش له‌م په‌یامه‌یدا وه‌ك ناوی په‌كه‌كه‌ی له‌بیرنه‌مابێ ، یا وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی به‌گه‌وره‌تر له‌ په‌كه‌كه‌‌و كورد بزانێ ( كه‌ئه‌مانه‌ ئاسایی نین ) به‌ناوی ته‌نیا خۆیه‌وه‌ ئه‌دوێ ! هه‌روه‌ها به‌بێ را‌و راوێژی سه‌ركردایه‌تی په‌كه‌كه‌‌و رێكخراوه‌ سیاسیه‌كانی تری باكور بریاری تاكه‌كه‌سی ئه‌دات ! . بۆیه‌ له‌خواره‌وه‌ به‌كورتی ئه‌و په‌یامه‌و هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵاتی توركیش ئه‌خه‌ینه‌ ژێر هه‌ندێ پرسیاره‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی تورك له‌ماوه‌ی 90 ساڵی رابردوودا بۆ قه‌لاچۆو تواندنه‌وه‌ی كورد ، ئامانجیان نه‌پێكا, دیسان دوای 30 ساڵیش شه‌ڕی په‌كه‌كه‌، نه‌یتوانی چۆك به‌گه‌ریلاكانی كورد دابدات. هه‌روه‌ها دوای زیندانیكردنی عه‌بدوڵا ئوچه‌لان ، ئه‌و خه‌ونه‌ی نه‌هاته‌دی كه‌بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد له‌ باكوردا له‌ناوبه‌رێ , به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ، ئاگری بزووتنه‌وه‌كه‌ تابێ زیاتر كڵپه‌ ئه‌سێنێ ، بۆیه‌ ئێستا رووی له‌رێبازێكی تر كردووه‌ تا ئه‌وه‌ی به‌شه‌ر به‌ده‌ستی نه‌هێنا ، به‌ ئاشتی به‌ده‌ستی بهێنێ،ئه‌ویش چه‌ك دانانه‌ به‌گه‌ریلاوكۆتایی هێنانه‌ به‌شۆڕشی گه‌لی كوردستان له‌ باكوردا. په‌یامه‌كه‌ی ئوجه‌لانیش (كه‌ جێگه‌ی چه‌ندین گومان و پرسیاره‌ ) وائه‌نوێنێ به‌شێكبێ له‌و هه‌وڵه‌ی تورك !. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ رێزماندا بۆ خه‌بات‌و به‌رهه‌مه‌كانی ئوجه‌لان, ئاماژه‌ بۆ ئه‌و راستیه‌ش ئه‌كه‌ین كه‌ ئه‌وبه‌ڕێزه‌, ئه‌گه‌رچی له‌سه‌رده‌مێكدا تێكوشه‌رێكی ماندوونه‌ناس‌و رابه‌رێكی به‌توانابوه‌, به‌ڵام ئێستا به‌پێی ئه‌وه‌ی زیندانیه‌كه‌‌و چه‌ن ساڵێكه‌ كاربه‌ده‌ستانی تورك هه‌موو هۆكارێكی ترساندن‌و پزیشكی‌و هونه‌ریان له‌گه‌ڵدا به‌كارهێناوه‌ بۆ شتنه‌وه‌ی مێشكی، هه‌ر راو بڕیارێك له‌و به‌رێزه‌وه‌, له‌م بارودۆخه‌ی ئێستایدا ئاسایی نیه‌و ئه‌بێ گه‌لێ حیسابی لۆجیكی‌و زانستیانه‌ی بۆبكرێ‌و فه‌رمانه‌كانی كوێرانه‌ جێبه‌جێ نه‌كرێن َو پیت به‌پیتی وته‌كانی شیكرێته‌وه‌‌و بزانرێ له‌ژێر چ كاریگه‌ریه‌كداو بۆ چ مه‌به‌ستێك ئه‌دوێ یا به‌كۆمه‌ڵێ ده‌سته‌واژه‌ی ته‌مومژاویه‌وه‌ هێناویانه‌ته‌ دواندن، وه‌ك : ( ده‌سپێكی سیاسه‌تی دیموكراتیك و مۆدێرنته‌و..هتد ) كه‌ئه‌مانه‌ زیاتر ده‌سته‌واژه‌ی فه‌لسه‌فین و چه‌ندین لێكدانه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵئه‌گرن نه‌ك ده‌سته‌واژه‌ی سیاسی كه‌ ئه‌بێ وه‌ك زمانی ماتماتیك روون و بێ ته‌مومژبێ . ئه‌م شێوازه‌ ته‌مومژاویه‌ش هه‌میشه‌ دوژمنانی كورد له‌ كاتی لاوازیاندا به‌كاریان هێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی هێزیاندا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان شرۆڤه‌ی بكه‌ن ! له‌م روانگه‌یه‌وه‌ ئێمه‌ به‌ئه‌ركی خۆمانی ئه‌زانین كه‌ ئه‌م باری سه‌رنجانه‌مان بخه‌ینه‌ روو: o له‌پایچی دوای 30 ساڵ قوربانیدان گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ چه‌ك دانێن‌و كۆتایی به‌ شۆرشه‌كه‌یان بێنن!؟ o ده‌ركردنی گه‌ریلاكان له‌ نیشتمان و له‌ زێدی خۆیان ، مانایچی !؟ له‌ كۆتایی چ جه‌نگ و چ شۆرشیكدا، مه‌رجی وا ئابڕووبه‌ر، قبووڵكراوه‌ ؟ بۆچی ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌، شۆڕشیانكردو هه‌زاران شه‌هیدیاندا ، بۆئه‌وه‌بوو له‌ ئه‌نجامدا شاربه‌ده‌ركرێن و له‌ خێزان و منداڵیان دوور خرێنه‌وه‌ !؟ o به‌رامبه‌ر به‌چی ، دیله‌ توركه‌كان ئازادكران ؟ له‌كاتێكدا ده‌هه‌زار تێكۆشه‌ری كورد له‌ زیندانه‌كانی توركیادان‌و هیچ هه‌نگاوو به‌ڵێنێك نیه‌ بۆ ئازادكردنیان. o به‌رامبه‌ر ئه‌م په‌یامه‌ی ئوجه‌لان، ده‌سه‌ڵاتی تورك نه‌هه‌نگاوێكی ناوه‌ ، نه‌هیچ گفتێكی داوه‌ بۆمافی نه‌ته‌وه‌یی زیاتر له‌ 30ملیۆن كورد له‌باكوردا. o هێشتا په‌یامه‌كه‌ی ئوجه‌لان ، 3 رۆژی به‌سه‌ردا تێنه‌په‌ریبوو، ئه‌ردۆگان‌و گیول كه‌وتنه‌ گله‌یی و گازنده‌و بڕوبیانوو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له‌ ئاهه‌نگه‌كانی نه‌ورۆزدا ئاڵای تورك به‌رزنه‌كراوه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌شیان به‌ ئاسته‌نگێك دانا له‌ رێگه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتیدا.هه‌روه‌ها سه‌ر ۆكی په‌رله‌مانی توركیا جه‌میل چیچه‌ك، دوای په‌یامه‌كه‌ی ئوچه‌لان،به‌ گه‌ریلاكانی قه‌ندیل ئه‌لێ(تیرۆرست و پیاوكوژو به‌بێ پیاوكوشتن ناتوانن دانیشن ) . به‌پێی ئاژانسی جیهانی توركیش ، ده‌سته‌ی ئه‌ركانی سوپای توركیا ، هه‌واڵه‌كانی وه‌ستاندنی پرۆسه‌ی سه‌ربازی ره‌تده‌كاته‌وه‌! o دروستكردنی ئه‌نجومه‌نی دانایان, گوایه‌ بۆ چاودێری پرۆسه‌ی ئاشتی‌و كۆتایی هێنانه‌ به‌تیرۆر! راستییه‌كه‌ی بۆ خڵافاندنی كورده‌ تا ئه‌ردۆگان به‌ته‌واوی مه‌به‌سته‌كانی ئه‌پێكێ. ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ وه‌ك ئه‌و لیژنانه‌یه‌ كه‌ بۆ له‌گۆڕنانی مه‌سه‌له‌یه‌ك پێك ئه‌هێنرێن. ئه‌گینا كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك كێشه‌ی كورد به‌ ئه‌نجومه‌نێكی له‌و جۆره‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت. توركیا ده‌وڵه‌تێكه‌ خاوه‌نی په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت‌و ده‌ستور‌و یاسایه‌. ئه‌و كێشه‌یه‌ ئه‌بێت له‌و كه‌ناڵانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێ. o ئوجه‌لان كاتێك ئه‌توانێ رایه‌كی دروست و جێگه‌باوه‌ر بدات كه‌ له‌زیندان ئازادكرێ‌و له‌ ژێر هیچ گوشارێكدا نه‌مێنێ. o رژیمی تورك ئه‌گه‌ر به‌راستێتی ئاشته‌وایی ئه‌وێ‌ ، ئه‌وا ئه‌بێ جگه‌ له‌ ئوچه‌لان ،له‌گه‌ڵ قه‌ندیل و دیاربه‌كریش دانوستانبكات. سه‌ره‌تا ئه‌بێ به‌فه‌رمی واز له‌و دروشمه‌ شۆڤێنیه‌ی بێنێ كه‌ ئه‌لێ: (یه‌ك نه‌ ته‌وه‌،یه‌ك زمان،یه‌ك ئاڵا،یه‌ك نیشتمان) . هه‌موو زیندانیه‌ كورده‌كان به‌ ئوچه‌لانیشه‌وه‌ ئازادكات ،به‌فه‌رمی ئاگربه‌ست راگه‌یه‌نێ. o رژیمی تورك له‌ سۆنگه‌ی هێزه‌وه‌ داوای ئاشته‌وایی ناكات . به‌ڵكو گورزه‌ كوشنده‌كانی گه‌ریلاو خۆڕاگری قه‌ندیل و راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری شاره‌كانی باكوورو په‌له‌قاژه‌ی بۆ به‌ئه‌ندامبوون له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپاو زاڵبوونیPYDله‌رۆژئاوای كوردستان و چاوبڕینه‌ نه‌وت و بازاره‌كانی باشوور پاڵیان پێوه‌ناوه‌ كه‌ په‌نا بباته‌ به‌ر به‌ڕێز ئوچه‌لان به‌ڵام به‌ هه‌رزانترین نرخ !! له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌یه‌وێ به‌ تیرێك 2 نیشان بپێكێ كه‌ نیشانی دوه‌م نانه‌وه‌ی 3به‌ره‌كیه‌ له‌نێوان ئیمیرالی و قه‌ندیل و دیاربه‌كردا !.به‌رامبه‌ر ئه‌م راستیانه‌ش ئێسته‌ تای ترازووی كورد سه‌نگینتره‌و رۆژ رۆژی پێداگرتنه‌ نه‌ك سازش یا ده‌سخه‌رۆبوون به‌ به‌لێن یا دواخستنی خواسته‌كان و دابه‌شكردنی به‌سه‌ر چه‌ند قۆناغێكدا! له‌به‌ر ئه‌وه‌ ، داوا له‌ سه‌ركردایه‌تی په‌كه‌كه‌ ئه‌كه‌ین كه‌ خۆڕاگربن و ئه‌و راستییه‌ بزانن كه‌ ئیسته‌ له‌لوتكه‌ی هێزدان و نه‌كه‌ن به‌و په‌یامه‌ ده‌ستخه‌رَۆبن . گه‌ریلاكانیشیان له‌ باكور نه‌كشێننه‌وه‌ تا مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد له‌ ده‌ستووری توركیادا جێگیر ئه‌كرێ و به‌كرده‌وه‌ش و به‌ گه‌ره‌نتی و به‌ زه‌مانه‌تێكی نیوده‌وڵه‌تیش ئه‌و مافانه‌ پارێزراوبن. له‌باره‌ی چه‌ك دانانیشه‌وه‌ ، به‌هیچ جۆرێك چه‌ك دانه‌نێن، به‌ڵكو تابتوانن چه‌كه‌كانیان زیاترو كاریگه‌رتر بكه‌ن . چه‌ك بۆ هه‌مووكاتێك پێویسته‌. له‌سه‌رده‌می شۆرشدا بۆ به‌رگری, له‌سه‌رده‌می قه‌واره‌یه‌كی كوردیدا بۆ پاراستنی ئه‌و قه‌واره‌یه‌ . یا وه‌ك به‌ڕێز بێشكچی ئه‌ڵێ : بۆچی هه‌موو لایه‌ك چه‌كداری هه‌بێ و ته‌نیا داوا له‌ كورد بكرێ چه‌ك دانێ !؟ نابێ په‌كه‌كه‌ خۆی‌و خوێنی ئه‌و هه‌موو شه‌هیدانه‌ بكاته‌ قوربانی ئه‌م په‌یامه‌ی ئوجه‌لان كه‌ جێگه‌ی گه‌لێ گومانه‌ !، یا بۆ ئازادكردنی ئوجه‌لان ،كه‌ توركیا ، یا هه‌ر ئازادیناكا ، یا ئه‌گه‌ر ئازادیشیكرد ئه‌وا دوای گورزێك له‌ ته‌ندروستی ئوجه‌لان ئازادی ئه‌كات. دیسان نابێ په‌كه‌كه‌ به‌و پشتگیریه‌ فره‌لایه‌نه‌ بۆ په‌یامه‌كه‌ی ئوچه‌لان ده‌سخه‌ڕۆبێ . ئه‌وانه‌ هه‌ر یه‌كه‌و له‌ گۆشه‌نیگای به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیه‌وه‌ ئه‌و پشتگیرییه‌ ئه‌كات! له‌لایه‌كیتره‌وه‌ ،نه‌په‌یامه‌كه‌ی ئوجه‌لان‌و نه‌ وته‌كانی ئه‌ردۆگان تا ئێسته‌ ئاماژه‌یه‌كیان تیانیه‌ بۆ مافی نه‌ته‌وه‌یی كورد. به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئوجه‌لان له‌ نامه‌كه‌یدا ئه‌ڵێ (ئه‌مرۆ رۆژێكی نوێیه‌ بۆ توركیایه‌كی نوێ) ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ئه‌گه‌یه‌نێ كه‌ ئه‌گه‌ر ئوجه‌لان له‌ژێر گوشارێكدا ئه‌و په‌یامه‌ی بڵاونه‌كردبێته‌وه‌ ، ئه‌وا به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و ئێسته‌له‌خه‌می توركیادایه‌ نه‌ك كورد. ئه‌م په‌یامه‌ی ئوجه‌لان ئه‌گه‌ر نسكۆیه‌كی به‌دوادابێ ، ئه‌وا ئه‌بێته‌ كوشنده‌ترین گورز بۆ هه‌ر چوارپارچه‌كه‌ی كوردستان ، به‌تایبه‌تی بۆ رۆژئاوای كوردستان كه‌ ئێستا كوردی رۆژئاوا خه‌ریكه‌ ئه‌كه‌وێته‌ سه‌رپێی خۆی. هه‌روه‌ها گورزێكی گرانه‌ بۆ ئامانجی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ساڵه‌هایه‌ك دوایئه‌خات،له‌كاتێدا ئێسته‌ گه‌لێ ئاماژه‌ هه‌یه‌ بۆگه‌یشتن به‌و ئامانجه‌. . گریمان ئه‌ردۆگان‌و حیزبه‌كه‌ی نیهادیان پاكبێ، به‌ڵام ئه‌بێ بزانین كه‌ حاكمی ره‌ها له‌ توركیادا ته‌نها ئه‌وان نین. توركیا وڵاتێكه‌ تا ئێسته‌ عه‌سكه‌ر خاوه‌نی بریاری كۆتاییه‌ تیایدا, ئه‌وه‌ جگه‌ له‌بونی چه‌ند حیزبێكی تری ره‌گه‌زپه‌رستی كه‌مالی كه‌ له‌هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكدا ئه‌گه‌ری هاتنه‌ سه‌ر حوكمیان هه‌یه‌. ئه‌وه‌شمان له‌بیرنه‌چێ كه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئوردوگان به‌ناوی ئاشته‌واییه‌وه‌,جگه‌ له‌و مه‌به‌ستانه‌ی ئاماژه‌مان بۆكرد ، هه‌وڵێكیشه‌ بۆ له‌باربردنی نه‌خشه‌ی نوێی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست كه‌ كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆی له‌خۆگرتوه‌ . هه‌روه‌ها پروپاگانته‌یه‌كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی پارته‌كه‌ی. ئێمه‌ وه‌ك ژماره‌یه‌ك هاوبیرانی كوردایه‌تی ،بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م راگه‌یاندنه‌مان هه‌فته‌یه‌ك دواخست تا بزانین كاردانه‌وه‌و هه‌لوێستی رژێمی تورك چیئه‌بێ ،له‌ ئه‌نجامدا ده‌ركه‌وت یه‌ك هه‌نگاو له‌ لووتبه‌رزی و ره‌گه‌زپه‌رستیی خۆی نه‌هاتۆته‌ دواوه‌ ! وه‌ك په‌كه‌كه‌ شكست و دۆڕاوی جه‌نگبێ ! . بۆیه‌ وا ئێسته‌ راگه‌یاندنه‌كه‌مان ، وه‌ك نامه‌یه‌كی كراوه‌ ، ئاڕاسته‌ی سه‌ركردایه‌تیی په‌كه‌كه‌ و رای گشتی ئه‌كه‌ین . داواش له‌ هه‌ر لایه‌ن و هاوبیر و رۆشنبیریكیدی ئه‌كه‌ین ( ئه‌وانه‌ی پێڕانه‌گه‌یشتین په‌یوه‌ندیان پیوه‌بكه‌ین ) ده‌نگیان بخه‌نه‌ پاڵ ده‌نگمان به‌ ناردنی ناویان بۆ ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی ئه‌م راگه‌یاندنه‌ بڵاوئه‌كه‌نه‌وه‌ ، تا ناوه‌كانیان بخرێنه‌ پاڵ ناوه‌كانمان ، یا به‌ وتاریك ، یا به‌ به‌دواداچوونیك رای خۆیان پیشانده‌ن . به‌ رێزو سوپاسه‌وه‌ . ناوه‌كان : كامیل ژیر،پشكۆ ئه‌مین ، فه‌رهاد عه‌بدولحه‌مید ، فه‌رهاد كاكه‌ خاس ، حه‌مه‌ره‌شید هه‌ره‌س ،د.هۆگر مه‌حمود ، د. ئه‌حمه‌د میراوده‌لی ، د. حسه‌ین خه‌لیقی ، د. حسه‌ین محه‌مه‌د عه‌زیز ، د. ئازاد مه‌نتك ،د.دلێر شاوەیس سیروان كاوسی ، سمكۆ عه‌لی ئه‌مین وه‌یسی ، شوان به‌رزنجی ، یونس سیڤه‌ر ، هاورێ میرۆیی ، كه‌ژاڵ مه‌رزبان ، رزگار موكری ، رێبوار نه‌لاسی ، حه‌سه‌ن مه‌رزبان ، نیعمه‌ت كاوسی ،حه‌كیم كاكه‌وه‌یس ، هه‌ڵۆ محه‌مه‌د به‌رزنجی،به‌ختیار شه‌مه‌یی، عوسمان تۆفیق ، ئارام قادر ، عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح ، ئاراس نوری ئه‌حمه‌د ته‌ها ، بروسكه‌ ئیبراهیم ،ئیسماعیلی ده‌لاك . ئه‌یوب ره‌حمانی ، شوان خه‌فاف و زمناكۆ نوری ئه‌حمه‌د ته‌ها ،بینای پشکۆ,رزگار شەمەیی لایه‌نه‌كان: پاسۆگ - لقی ئه‌وروپا ، مه‌ڵبه‌ندی ئاوێستا ،بزووتنه‌وه‌ی لاوانی 17ی شوبات ،كۆنگره‌ی نیشتمانیی كوردستان- باشوور .. 28/3/2013

ڕێکه‌و 2013-03-29 12:05:15
به‌شی ( هه‌واڵه‌کان )